زانیاریی نوێ لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان

لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان

ئەمڕۆ جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، زانیاری لەسەر دوو پێشنیاز هەیە بۆ داهاتووی بزوتنەوەكە، كە یەكێكیان هەڵوەشاندنەوەی گۆڕانە، بەڵام ئەندامێكی جڤاتی گشتی ڕەتیدەكاتەوە پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەكە كرابێت.

دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی هیچ كورسییەك بەدەستبهێنێت، دەرگای لێكدانەوەی جیاواز بۆ ئایندەی بزوتنەوەكە كرایەوە، لەو نێوەندەدا ئەمڕۆ جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، كە جڤاتێكی ڕاوێژكارییە و پێشنیاز دەدات بە سەرووی خۆی، كۆبووەتەوە.

سەرچاوەیەك لە جڤاتەكەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا قسە لەسەر دوو پێشنیاز كراون، یەكەم دەستلەكاركێشانەوەی عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، هەروەها كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێییەكان.

پێشنیازی دووەمیش كە قسەی لەسەر كراوە، هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەكە بووە.

بەڵام خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، قسەكردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەكە نابێتە پێشنیاز و هیچ گفتوگۆیەك لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گۆڕان وەكو بزوتنەوەیەكی جەماوەری ناكرێت.

سەركانی وتی، دەكرێت قسە لەسەر پێداچوونەوە بە سیاسەت و هەیكەلی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت، “بەڵام بۆ قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەیەكی جەماوەری بكرێت؟”.

دوێنێ خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبووردنی لە دەنگدەرانی كرد، شكستی بزوتنەوەكەی خستە ئەستۆی خۆی و ئەنجامدانی گۆڕانكاری ڕیشەیی دووپاتكردەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەندامێکی ژووری بازرگانیی سلێمانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان دیدگایەکی خراپی بۆ داهاتوو هەیە

ئەندامێکی ژووری بازرگانیی سلێمانی ئاشکرایدەکات، نیوە زیاتری کارگەکان داخراون و حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کارێکی لەوبارەیەوە نەکردووە. ئارام…
زیاتر ببینە

لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان: داوادەکەین ڤیدیۆی شەڕەکەی هەولێر بسڕدرێتەوە

لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، داواکارییەکی ئاراستەی سەرجەم کەناڵ و سۆشیال میدیاکان کرد. لە داواکارییەکەدا هاتووە، “پاش ئەوەی…
Total
0
Share