کەرکوک.. تابلۆ و پۆستەرەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن لابران

چەند کاتژمێرێکی کەم دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە شاری کەرکوک گشت تابلۆ و پۆستەرەكانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لابران.

ئەم دیمەن و شەقامانەی لە وێنەكاندا دەبینرێن، تا دوێنێ تەنرابوون بە وێنە و تابلۆ و پۆستەری ڕیكلامكردن بۆ لیست و كاندیدەكانی هەڵبژاردن، بەڵام دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر لە كۆتاییهاتن بە پرۆسەی هەڵبژاردن، هەموو كەرەستەكانی تایبەت بە بانگەشە لابراون و هیچ تابلۆ و پۆستەرێکی بانگەشەیان لێنەماوە.

لە شاری كەركوك پۆستەر و تابلۆكانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێکیان لەلایەن كاندیدەكان خۆیانەوە لابراون و بەشێکی تریشیان بەهۆی ئەوەی لە ئاسن دروستکرابوون و نرخی ئاسن ئێستا بەرزبووەتەوە، هاوڵاتییان لێیانكردوونەتەوە و بردوویانن بۆ خۆیان.

لقی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، بەپێی یاسای کۆمسیۆن دەبێت لەماوەی یەک مانگدا تەواوی پۆستەر و ڕیکلامەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لاببرێن، هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات بە بڕی دوو ملیۆن دینار سزادەدرێت.

بەپێی ئاماری لقی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ڕێژەی بەشداریكردنی هاوڵاتییانی پارێزگاكە لە پرۆسەی دەنگداندا 39.4% بووە و 130 پاڵێوراو لە سێ بازنەدا خۆیان كاندیدكردبوو بۆ بەدەستهێنانی 12 كورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نێچیرڤان بارزانی داوای سنووردانان بۆ هێرشی سەر خۆپیشاندەرانی عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێم نیگەرانی لەبارەی بەئامانجگرتنی خۆپیشاندەرانی عێراق دەردەبڕێت و داوادەكات سنوورێكی بۆ دابنرێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان…
Total
0
Share