عومەر سەید عەلی: هیوادارین هەڵبژاردن لە خزمەت كۆمەڵانی خەڵكدا بێت

عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان

ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، هیوادارین هەڵبژاردن گۆڕانكارییەكی وا بكات كە لە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكدا بێت.

عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ لە سلێمانی بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و لە وتەیەكیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان وتی، “بەهیوای ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ڕێكوپێك بڕوات و پڕۆسەیەكی سەركەوتوو بێت”.

هیوای ئەوەشی خواست هەڵبژاردن هیوا و ئاواتی كۆمەڵانی خەڵكی عێراق بە گشتی بهێنێتە دی و “گۆڕانكارییەكی وابكات كە لە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك بێت و داخوازییەكانیان جێبەجێ بكات”.

كاتژمێر 07:00ی بەیانی ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكرد، زیاتر لە 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ دیاریكردنی 329 كورسیی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، 3 هەزار و 226 كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسی و بوونە ئەندامی خولی پێنجەمی نوێنەران دەكەن.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق نزیكەی 24 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان كراونەتەوە.

لەم هەڵبژاردنەدا 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسی بەشدارن، جگە لە كاندیدە سەربەخۆكان، نزیكەی 75 هەزار چاودێری ناوخۆیی و هەزار و 700 چاودێری نێودەوڵەتیش چاودێریی پرۆسەكە دەكەن.

بابەتی پێشتر

پیاوێك خانوویەكی خولاو دروستدەكات تا هاوژینەكەی هەڵهاتن و ئاوابوونی ڕۆژ ببینێت

بابەتی دواتر

بەریتانیا.. هۆشداری دەدرێت لەبارەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی درامای سكوید گەیم لەسەر خوێندكاران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕونکردنەوەیەک لە کارەبای هەرێمەوە

بەڕێوبەرایەتی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا بەسەرکەوتووی بەرنامەی پێدانی کارەبا جێبەجێکراوە و نزیکەی…