سوپای عێراق ڕایدەگەیەنێت، هاوڵاتییان سبەی گوێیان لە دەنگی فڕۆكە عێراقییەكان دەبێت لە ئاسمانی وڵات، ئەمەش بەهۆی جێبەجێكردنی هەندێك دەرچوونی ئاسمانی لە بەرزیی ڕێگەپێدراودا.
لیوا یەحیا ڕەسول، وتەبێژ بەناوی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانیی عێراقی سبەی هەندێك دەرچوون لە ئاسمانی بەغداد و چەند پارێزگایەكی دیكە ئەنجامدەدات.
ڕەسول ڕوونیشیكردەوە، دەرچوونەكان لە بەرزییەكدا دەبێت كە دەبێتە هۆی بیستنی دەنگی ئەو فڕۆكانە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە دەرچوونەكان بۆ چاودێری و بەدواداچوون و فەراهەمكردنی پارێزبەندیی ئاسمانییە بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی.
دوێنێ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشخراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، ئەمڕۆش عێراق پێینایە قۆناغی وەستاندنی بانگەشەی هەڵبژاردن و بڕیارە كاتژمێر 7ی بەیانی سبەی دەنگدانی گشتی دەستپێبكات.
هەڵبژاردنەكە بۆ دیاریكردنی 329 ئەندامی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانە، بۆ جێگرتنەوەی ئەو كورسییانە نزیكەی 3240 كەس كە 950یان ژنن، خۆیان كاندیدكردووە.