دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كۆتاییهات و رێژەی بەشداریی دەنگدەرانیش لە هەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین زۆرترینە و لە كەركوكیش كەمترین.
بەپێی ئەو ئامارانەی پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی ئێستا لە ناوەندەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیان وەرگرتووە، ڕێژەی دەنگدان لە پارێزگاكان بەمشێوەیە، پارێزگای هەولێر 91%، سلێمانی 78%، لە كەركوك %62، هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجەش %85-ە و لە دهۆكيش 88%ە .
تایبەت بە ئیدارە سەربەخۆكانیش، بەپێی ئامارەكان ڕێژەی دەنگدان لە ئیدارەی ڕاپەرین 90%ــە، لە گەرمیانیش 86%ی دەنگدەرانی تایبەت دەنگیان داوە.
لە دەنگدانی تایبەتدا نزیكەی یەك ملیۆن و 200 هەزار دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان هەبوو.
هەرچەندە كۆمسیۆن بەفەرمی ڕێژەی بەشداریكردنی دەنگدەرانی بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام كۆمسیۆنی دووپاتیان كردەوە هەڵبژاردنەكە بەسەركەوتووی بەڕێوەچوو هەروەها هیچ خروقاتێكیش تۆمارنەكراوە.
كۆمسیۆن جەختی لەوەشكردبووەوە ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ ئەنجامەکانی دەنگدانی گشتی و دوای 24 كاتژمێر لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی پێكەوە ئاشكرادەكرێن.
پێشتریش جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وتبوو، ئەوانەی كە بەشداریی دەنگدانی تایبەت دەكەن پێكهاتوون لە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، ئاوارەكان و هەروەها زیندانییەكان.
غەلای ژمارەكانی بۆ ئێستا ئاشكراشیكرد، زیاتر لە یەك ملیۆن و 196 هەزار كەس مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە، بەسەر دوو هەزار و 86 بنكەی دەنگدان لەسەرانسەری عێراقدا دابەشكرابوون.
وتەبێژەكەی كۆمسیۆن پۆلێنی دەنگدەرانی تایبەت و بنكەكانی دەنگدانی بەمشێوەیە بۆ ئێستا ڕوونكردەوە:
یەك ملیۆن و 75 هەزار و 727 دەنگدەری سوپا و هێزە چەكداری و ئەمنییەكان مافی بەشدارییان هەبووە و 559 بنكەی دەنگدانیان بۆ كرابووەوە. (ئەو ژمارەیە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە).
هەروەها لەكۆی 27 كامپی ئاوارە، كە 16یان لە دهۆك و شەش لە هەولێر و چوار لە سلێمانی و ئەوەی دیكەشیان لە نەینەوایە، 120 هەزار و 28 كەس مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی تایبەت هەبووە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە 89 بنكەی دەنگدان بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە.
ژمارەی ئەو زیندانییانەشی كە مافی بەشداریكردنیان لەدەنگدان هەبوو، 617 زیندانی بوون كە ماوەی سزادانەكەیان تاوەكو پێنج ساڵە، ئەوانیش بەسەر شەش بنكەی دەنگداندا دابەشكرابوون.
ئەو دەنگدانە تایبەتەی ئەمڕۆ، لە چێوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو، كە بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە دەنگدانە گشتییەكەی لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارە، بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.