هۆشداری.. بەهۆی شاشە زیرەکەکانەوە تا 2050 نیوەی دانیشتووانی زەوی تووشی کێشەی بینین دەبن

توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەدات لە دانیشتنی منداڵان بەدیار شاشەی مۆبایل و شاشە زیرەکەکانی دیکەوە، بەپێی توێژینەوەکە، ئەو كارە هۆکارە بۆ زیادبوونی مەترسییەکانی چاوکزی بەڕێژەی 80%.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیل-ی بەریتانی بڵاویکردەوە، پسپۆڕانی زانکۆی کامبریج-ی بەریتانیا بەدواداچوونیان بۆ سێ هەزار توێژینەوە لەبارەی کاریگەریی شاشە زیرەکەکان لەسەر چاوکزی لەناو منداڵان و گەنجاندا کردووە، کە تەمەنیان لەنێوان سێ مانگ بۆ 33 ساڵ بووە.

توێژەران گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی پەیوەندییەکی توند هەیە لەنێوان ماوەی بەکارهێنانی شاشە زیرەکەکان و کێشەکانی بینین بەپێی تەمەنی ئەو کەسانەی بەکاریدەهێنن.

بەپێی ئەنجامەکان، مەترسییەکانی بەکارهێنانی شاشەکانی مۆبایل بەڕێژەی 30% زیاترە بەراورد بە شاشەی کۆمپیوتەر، لەکاتێکدا مەترسییەکەی بەراورد بەو کەسانەی هیچ یەکێک لەو شاشانە بەکارناهێنن 80% زیاترە.

توێژەران مەترسیی ئەوەیان ئاشکراکردووە، تا ساڵی 2050، نیوەی دانیشتووانی جیهان ڕووبەڕووی کێشەی چاوکزی یان حاڵەتی لەدەستدانی توانای بینین دەبنەوە.

لە ساڵی 2019دا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامۆژگاری دایکان و باوکانی کرد ڕێگە نەدەن منداڵ تا تەمەنی دوو ساڵی بەدیار شاشەکانەوە دابنیشێت.

بەپێی ڕێنماییەکانی تەندروستیی جیهانی، نابێت منداڵانی تەمەن دوو تا پێنج ساڵ لە یەک کاتژمێر زیاتر لەڕۆژێکدا بەدیار شاشەکانەوە دابنیشن.

لە هەمان ساڵدا ناوەندی سینساس واید-ی بەریتانی، ڕووپێوییەکی لەنێوان هەزار خێزانی بەریتانیدا ئەنجامدا و دەرکەوت منداڵانی ئەو تەمەنە لە هەفتەیەکدا لانیکەم 23 کاتژمێر بەدیار شاشەکانەوە بەسەردەبەن.

دوایین توێژینەوەکان دەریانخستووە، دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ماوەی دانیشتنی منداڵان بەدیار شاشە زیرەکەکانەوە زۆر زیادیکردووە، هەروەها خوێندن لەڕێگەی ئۆنلاینەوە پاڵنەر و هۆكارێكی دیکەیە بۆ مانەوە بەدیار شاشەکانەوە.

بابەتی پێشتر

کۆمسیۆن ڕەتیدەكاتەوە ماوەی دەنگدان درێژبكاتەوە

بابەتی دواتر

ڕێژەی بەشداری پێش كاتژمێرێك لە داخستنی ناوەندەكانی دەنگدان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share