چەند ئامۆژگارییەكی زێڕین بۆ ڕزگاربوون لە مەترسییەكانی زستان

زستان كاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر ڕێڕەوی خوێن لە جەستەی مرۆڤدا

هەڵامەت، لاوازیی بەرگری و بێزاریی زستانە هەموو ئەو كێشانەن كە مرۆڤ بەتایبەت لەماوەی وەرزی زستاندا تووشی دەبن، لەبەرامبەریشدا پزیشكان ئامۆژگاریی زێڕینیان هەیە كە ئەگەر هەر كەسێك جێبەجێیان بكات، بتوانێت لەو كێشانە ڕزگاری ببێت.

زستان كاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر ڕێڕەوی خوێن لە جەستەی مرۆڤدا، بەتایبەت هۆكارە بۆ زیاتر تووشبوون بە ڤایرۆسەكان، سستی و تەمبەڵی كە بەدوایاندا زیادبوونی كێش دێت، بەڵام شێوازی دروستی خواردن ڕەنگە ببێتەهۆی دووركەوتنەوە لەو دۆخانە.

باوەڕی هەڵە
دكتۆر مەجدی نەزییە، سەرۆكی دامەزراوەی زانستیی ڕۆشنبیریی خۆراك لە میسر ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكات كە بەدەست كێشەكانی وەرزی زستانەوە دەناڵێنن، جێگیربن لە خواردنی خۆراكدا، كە لە كەسێكەوە بۆ ئەوی دیكە جیاوازە و پشتدەبەستێت بە درێژیی باڵا، تەمەن، شێوازی ژیان و ڕێژەی لەدەستدانی كالۆری.

دووپاتیشیدەكاتەوە، پێویستە مرۆڤ پێداویستییە خۆراكییەكانی بێ زیاد و كەم وەربگرێت.

بەپێی وتەی ئەو پزیشكە، جەستە پێویستی بە سێ شتی سەرەكی هەیە، یەكەمیان وزە بە ئاستی ئەو بڕەی بەكاریدەبات و دەیخاتەگەڕ، دووەم ماددە بونیادنەرەكان كە خانەكانی وەك پڕۆتین بونیاددەنێن وەك گۆشت، مریشك، ماسی، هێلكە یان شیرەمەنییەكان، سێیەمیش ئەو خۆراكانەن كە ڤیتامین و كانزا و ڕیشاڵە ڕووەكییەكان و تێكەڵە ئەندامییە دەگمەنەكانیان تێدایە.

ئاماژە بەوەشدەكات، پێویستە تاك پەنابباتەبەر بەكاربردنی ئەو خۆراكانەی هەستكردن بە گەرمی دەبەخشن، كە نابێتەهۆی بەخشینی وزەی زیادە بە جەستە وەك نیسك و پیاز لەگەڵ خۆراكدا.

ڤیتامین سی و خواردنەوە گەرمەكان
دكتۆر ئیبراهیم عەبدولكەریم، ڕاوێژكاری چارەسەر بەخۆراك جەختدەكاتەوە لەسەر پێویستیی خواردنی سەوزە و میوە، بەتایبەت ئەوانەی ڤیتامین سی-یان تیادایە وەك پرتەقاڵ و لیمۆ.

بەپێی وتەی ئەو شارەزایە “سەوزە و میوە كار لەسەر بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی جەستە و كەمكردنەوەی كێش دەكەن”.

ڕوونیشیدەكاتەوە، خواردنەوە گەرمەكان لە زستاندا دەبنەهۆی هەستكردنی مرۆڤ بە گەرمی، لەنمونەی ئەو خواردنەوانەی (هێل و دارچینی و زەنجەبیل و نەعنا)یان تیادایە.

گرنگیی پڕۆتینەكانیش پێویستە لەبەرچاوبگیرێت، پڕۆتینی ڕووەكی بێت یان گیانداری، بەهۆی ئەوەی كالۆری بەرزیان هەیە لەهەمانكاتدا سەرچاوەن بۆ وزە، خوێ و كانزاكان.

لەكۆتاییدا دەڵێت، “پێویستە ژەمە چەورەكان كەمبكرێنەوە” لەهەمانكاتدا زۆرخواردن مرۆڤ تووشی نەخۆشیی دڵ، شادەمارەكان و جەڵتە دەكاتەوە.

س: سكای نیوز

بابەتی پێشتر

بەهۆی خۆڤاكسیننەكردن شاجوانی هۆڵەندا لە كێبڕكێی شاجوانی جیهان كشایەوە

بابەتی دواتر

مزگەوتی گەورەی سلێمانی نۆژەندەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share