توێژینەوەیەك: سەگ فرمێسكی شادی دەڕژێت كاتێك چاوی بە خاوەنەكەی دەكەوێت

لە مێژەوە باوەڕوایە فرمێسکی شادی یان دڵتەنگی تایبەتە بە مرۆڤ. نەزانراوە هیچ ئاژەڵێکی دیكە فرمێسکی سۆزداری بڕێژێت، بەڵام توێژەران لە ژاپۆن ئەو گریمانەیەیان بە زنجیرە تاقیکردنەوەیەک ڕەتكردەوە و دەڵێن، باشترین هاوەڵی مرۆڤ-یش هەمان دەربڕینی هەیە. ئەوان دەڵێن ئاژەڵە ماڵیەکان چاوەکانیان پڕدەکەن لە هەست و سۆز.

کاتێک دوای دابڕانێكی یەك ڕۆژە لەگەڵ خاوەنەکانیان یەکدەگرنەوە، سەگەکان بەوپەڕی هەستەوە خۆشی خۆیان دەردەبڕن، تا ئاستی زۆر باڵای دەربڕین.

لەنێو 18 سەگدا توێژەران بۆیان دەرکەوت کە ئاستی فرمێسکەکانیان بەڕێژەی 10% زیادیکردووە بە بەراورد بە تەڕبوونی ئاساییان کاتێک سەگەکان جارێكی دیكە خاوەنەكانیان بینیوەتەوە.

پێوانەكردنەكە بە دانانی پارچە کاغەزێک بوو کە فرمێسکی سەر چاوی سەگەكانی هەڵدەمژی بۆ ماوەی 60 چرکە، پاشان ڕێژەكەی تۆماردەكرا.

لای ئێمەی مرۆڤ، زیادبوونی فرمێسک پەیوەندی بە وروژانی زیاتری هەستەوە هەیە، دۆزینەوەکانی ئێستا شیمانەی ئەوە دەکەن کە هەست و سۆزە ئەرێنییەکان بە هەمان شێوە فرمێسکی زیاتر لە سەگەکاندا دروستدەكەن.

لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەدا كاتێك گیراوەیەک کە “هۆرمۆنی خۆشەویستی” ئۆکسیتۆسین لەخۆدەگرێت، هاوکات پەیوەندی بە هەستەکانی وەک متمانە، هاوسۆزی و دروستکردنی پەیوەندییەوە هەیە، راستەوخۆ بۆ چاوی 22 سەگ زیادکرا، توێژەران بۆیان دەرکەوت کە فرمێسکی زیاتر بەرهەمدەهێنرێت.

توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی زیادبوونی ئۆکسیتۆسین، بۆ نموونە بە سڵاوکردن لە کەسێکی ئازیز، ئەوەیە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی فرمێسك لە سەگدا.

تاکیفومی کیکوسوی، پسپۆڕی ڕەفتاری ئاژەڵان لە زانکۆی ئازابو لە ژاپۆن دەڵێت، “هەرگیز نەمانبیستبوو کە ئاژەڵەکان لە دۆخە خۆشەکاندا فرمێسک دەڕێژن، وەک یەکگرتنەوە لەگەڵ خاوەنەکانیان، هەموومان پەرۆش بووین، چونکە ئەمە دەبێتە یەکەم لە جیهاندا!”.

کاتێک کیکوسوی و هاوکارەکانی وێنەی 10 سەگیان پیشانی 74 مرۆڤی بەشداربوو دا و داوایان لێکردن کە هەستیان هەڵسەنگێنن، بۆیان دەرکەوت ئەو سەگانەی چاویان تەڕترە هەستێکی زیاتری پەروەردەکردنیان لێكەوتەوە لە چاو ئەوانەی چاویان تەڕ نەبووە.

کیکوسوی وتی: “سەگەکان بوونەتە هاوبەش لەگەڵ مرۆڤ، دەتوانین پەیوەندی پێكەوە گرێبدەین” ئەوەشی وت، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو سەگانەی چاوی فرمێسکاوی پیشان دەدەن لەکاتی کارلێککردن لەگەڵ خاوەنەکەیدا، زیاتر لەلایەن خاوەنەکەیەوە چاودێری بکرێن.

بابەتی پێشتر

هادی عامری و مستەفا كازمی كۆبوونەوە

بابەتی دواتر

كۆبوونەوە گرنگەكە ئەنجامدەدرێت<br>تایبەتە بە پەیڕەوكردنی پاكێجی خێزانی لە هێڵەكانی ئینتەرنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share