ترەمپ لە لیستی دەوڵەمەندترینەکانی ئەمریکا ھاتەدەرەوە

لەدوای 25 ساڵ بۆ یەكەمجار دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە لیستی 400 دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئەمریکا ھاتەدەرەوە.

سایتی فۆربس کە لیستەكه‌ی ئامادە کردووە، ئاشکرایکردووە کە ناوی ترەمپ لەناو لیستەکەدا نییە.

ڕوونیشیكردووەتەوە، سامانەكەی ترەمپ نزیکەی 2.5 ملیار دۆلارە و بە جیاوازی 400 ملیۆن دۆلار پێگەی خۆی لە لیستی 400 دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئەمریکا لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەكانی سایتە ئەمریكییەكە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە تا ئێستا، ترەمپ 600 ملیۆن دۆلاری لەدەستداوە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، ترەمپ کاتێک لە ساڵی 2016 بە سەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێردرا لە ڕیزبەندی 156مینی لیستەكەدا بوو، بەڵام دوای كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتیی لە ساڵی 2020 دا بۆ 339 یەمینی ڕیزبەندییەكە دابەزی.

بەپێی لیستە نوێیەكەی فۆربس، جێف بێزۆس بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئامازۆن، بە 201 ملیار دۆلار لە ڕیزبەندی یەکەمی لیستەکەدایە.

بابەتی پێشتر

فۆربس ناوی گەنجترین 15 ملیاردێرەکانی جیهان بڵاودەکاتەوە

بابەتی دواتر

دانە گاز بە ڕەوتی كارەكانی لە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share