خۆپیشاندەران لە شارەكانی دیكەوە ڕوو لە بەغداد دەكەن

خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەم و ڕۆژانی دواتر لە عێراق

بەمەبەستی بەشداری لە ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەر، خۆپیشاندەران لە شارەكانی دیكەوە بە “ژمارەی گەورە” ڕوو لە بەغداد دەكەن و وتەبێژی سەرۆكوەزیرانیش داوادەكات، خولەكێك ڕاوەستان بۆ گیانی شەهیدان ئەنجامبدرێت.

عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 25ی تشرینی یەكەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەران لە برایانی ئاشتیخواز ڕوویان لە بەغداد كردووە بۆ یادكردنەوەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر خۆپیشاندانەكاندا”.

وتیشی، “ڕێنوێنی دراوەتە سەرجەم بەرپرسانی ئەمنی پارێزگاكان و بەغداد بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی وردبینی ئەمنی خۆپیشاندەرانی میوان بگرنەبەر”.

غانمی ئەوەشی خستەڕوو، ڕێنمایی دراوەتە هێزە ئەمنییەكان بۆ پێشوازی لە برایانیان (خۆپیشاندەران) بەشێوەیەكی باش و ئاسانكاری بۆ هاتنە ناوەوەیان، هەروەك ئاسانكاری دەكرێت بۆ چوونە ناوەوەی سەرجەم كەناڵە ئاسمانییەكان بۆ گواستنەوەی یادكردنەوەی خۆپیشاندانەكان.

لای خۆیەوە ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژ بەناوی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە تویتێكدا ڕایگەیاند، كازمی داوا لە سەرجەم عێراقییەكان دەكات خولەكێك ڕاوەستان لەگەڵ خوێندنی سوڕەتی فاتیحە بۆ گیانی شەهیدانی عێراق و شەهیدانی تشرین لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان ئەنجامبدەن.

داواشیكردووە ئەو وەستانە لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ دەستپێكی یادكردنەوەكانی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر بكرێت.

ئەمڕۆ ساڵێكی تەواو بەسەر دەستپێكی خۆپیشاندانەكانی بەغداد و شارەكانی تری عێراق تێدەپەڕێت كە بەهۆی بڵابوونەوەی گەندەڵی، نەبوونی دەرفەتی كار و خراپی خزمەتگوزارییەكان ئەنجامدرا و بەهۆیەوە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكرد.

شەوی ڕابردووش مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە وتارێكدا بەبۆنەی ساڵیادی خۆپیشاندانەكان ڕایگەیاند، “حكومەتی عێراق لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە كاری لەسەر جێبەجێكردنی ئامانجەكانی كردووە”.

ئەوەشی وت، “ئامانجی حكومەت ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و سوورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەكاتی خۆیدا لە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت”.

بابەتی پێشتر

وەزیری پلاندانان: چەند پرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ هەڵەبجە ڕادەگەیەنین

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی هەرێم لە سزا و سودەکانی سەر باج خۆشدەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share