دەزگای لوتکە: سەدان خێزانی کورد و عێراقی لە سنوورەکانی بیلاڕوسیا بێ نان و ئاون

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران مەترسیی ڕێگای بیلاڕوسیا بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا دەخاتەڕوو و ڕایگەیاند، سەدان خێزانی کورد و عێراقی لە بیلاڕوسیا بێنان و بێئاون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاندووە، بەکارهێنانی خاکی بیلاڕوسیا بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لەوپەڕی مەترسیدایە و بەهۆی ساردبوونی کەشوهەواوە هێندەی دیکە مەترسیدار دەبێت.

بەرپرسەکەی دەزگای لوتکە ئاماژە بۆ بوونی سەدان خێزانی کورد و عەرەب دەکات کە لە سنوورەکانی بیلاڕوسیا گیریانخواردووە و بێ نان و ئاو ماونەتەوە، سەرەڕای گیانلەدەستدانی چەندین کەس بەهۆی نەبوونی نان و ئاو و سەرما و نەخۆشییەوە.

دەزگای لوتکە ئاشکرایکردووە، لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، وەزارەتی دەرەوە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییانەدان کە گیریانخواردووە.

داواش لە هاوڵاتییان دەکات ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان نەخەنە مەترسییەوە و ڕێگای بیلاڕوسیا بەکارنەهێنن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و بە مەترسی و ‌هەڕەشەی جددی ناویدەبات.

ئاری جەلال داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش دەکات ڕۆڵی ئەرێنییان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share