باهۆزێك لە باشووری ئێران زیاتر لە 60 برینداری لێكەوتەوە

كاریگەری باهۆزی شاهین لە پارێزگای سیستان و بلوشستان

باهۆزی شاهین پارێزگای سیستان و بلوجستان-ی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران گرتەوە و بەهۆیەوە دەیان كەس برینداربوون و سێ ڕێگای سەرەكیش داخران.

بەپێی دەسەڵاتدارانی ئێران، باهۆزەكە گەیشتووەتە شاری چابەهار لە باشووری پارێزگای سیستان و بلوجستان پاش بارانێكی بەهێز لە بەرەبەیانی دوێنێ شەممە و بووەتە هۆی تێكشان و نقومبوونی سەكۆیەكی تایبەت بە ڕاوكردن لە بەندەری بساندەر دەشتیاری كە دەكەوێتە دووری 100 كیلۆمەتر لە بەندەری چابەهار.

جەلالەدین قادری، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری باركردن و گواستنەوەی ڕێگاوبان لە باشووری پارێزگای سیستان و بلوجستان ڕایگەیاند، ڕێگای ڕیمدانی سنووری و ڕێگابڕی نگۆر-پرێس و ڕێگای سماج-سندها بەهۆیەوە تا كاتێكی نادیار داخراون.

لای خۆیەوە موجتەبا خالدی، وتەبێژ بەناوی ڕێكخراوی بەهاناوەچوونی ئێرانی ڕایگەیاند، 52 كەس سەردانی ناوەندە تەندروستییەكانی ئەو ناوچانەیان كردووە كە باهۆزەكە گرتوونیەتەوە و سێیان لە ناوەندەكان هێڵدراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرینەی ئەو گرفتە تەندروستییانەی بەهۆی باهۆزەكەوە دروستبووە پەیوەندیداربووە بە چاو، نەخۆشییەكانی هەناسەدان و دڵ.

ئێوارەی دوێنێش ئاژانسی فارس تۆماركردنی 13 برینداری دیكەی بەهۆی باهۆزەكەی بەندەری چابەهار ڕاگەیاند، ئەوەشی ئاشكراكرد هەڵگەڕانەوەی بەلەمێكی ڕاوچییانی ماسی بووەتە هۆی بێسەروشوێنبوونی پێنج كەسیان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share