بەغداد.. لە دووەم ساڵیادی خۆپیشاندانەكاندا خۆپیشاندان سەریهەڵدایەوە

ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی بەغداد و شارەكانی دیكەی عێراقدا تێپەڕدەبن، ڕووداوگەلێك كە خۆپیشاندەران بە “ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەر” ناوزەدیانكرد و بەدرێژایی چەندین مانگ هەوڵی گۆڕینی حكومەتیان دا، ئێستاش جارێكی تر بەشێك لە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر گردبوونەتەوە و داوای سزادانی بكوژانی خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی چاكسازی دەكەن.

“ئۆكتۆبەری یەكەم”

سەرەتا لە یەكی تشرینی یەكەمی 2019دا، خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغداد سەریهەڵدا، دواتر بازنەی خۆپیشاندانەكان فراوانتربوو بەجۆرێك كەربەلا و نەجەف و بابل و بەسڕە و زیقاری گرتەوە.

لە ڕۆژانی سەرەتای خۆپیشاندانەكاندا، دەیان كەس كوژران و تا كۆتاییپێهێنان بە خۆپیشاندانەكان، ژمارەی كوژراوان بە خۆپیشاندەر و چالاكوان و ڕۆژنامەنووسان و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكانەوە گەیشتە 700 كەس و هەزاران كەسیش لە خۆپیشاندەران و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.

خامنئي يكسر صمته عن مظاهرات العراق: مؤامرات الأعداء لن تفرقنا - CNN Arabic

لە بەغداد، خۆپیشاندەران ماوەی دەیان ڕۆژ و شەو لە گۆڕەپانی تەحریر و لەنێو باڵەخانەی “چێشتخانەی توركی”دا مانەوە و بەرهەڵستكاریی هێزە ئەمنی و چەكدارەكانیان كرد و لە دروشم و پەیامەكانیان پاشگەزنەبوونەوە.

دروشمی سەرەكیی خۆپیشاندەران، ڕووخاندنی دەسەڵات و ئەنجامدانی چاكسازیی ڕێشەیی بوو، بەڵام بە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدلمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق كۆتاییپێهات و كابینەیەكی نوێی حكومەت بەسەرۆكایەتیی مستەفا كازمی پێكهێنرا و بڕیاردرا لە ماوەی ساڵێكدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، دواتر دواخرا بۆ 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ.

دووەم یادكردنەوەی “ئۆكتۆبەر”

ئەمڕۆ هەینیی یەكی تشرینی یەكەم، خۆپیشاندەران ڕوویان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد كردەوە و دەیانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوادەكەن بكوژانی خۆپیشاندەرانی 2019 دادگاییبكرێن و چارەنووسی بێسەڕوشوێنبووان ئاشكرابكرێت.

خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دروشمەكانی “ئۆكتۆبەر” زیندوودەكەنەوە و داوای سزادانی گەندەڵكاران و بەرپاكردنی چاكسازیی ڕیشەیی لە دامەزراوەكانی وڵات و لابردنی ئەو كاربەدەستانە دەكەن كە بە گەندەڵی و دزینی سامانەوە تێوەگلاون.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا و وەك لە وێنەكاندا دەردەكەوێت، هێزە ئەمنییەكان ڕێگە و پردە سەرەكییەكانی بەغدادیان داخستوون و ڕیگەنادەن هاوڵاتییان لەو ناوچە و شەقامانەدا هاتوچۆبكەن كە دەچنەوەسەر هەردوو گۆڕەپانی تەحریر و حافز قازی و شەقامی ڕەشید كە شوێنی گردبوونەوەی خۆپیشاندەران بوون لە ڕابردوودا.

بابەتی پێشتر

میتی تورکی: بەرپرسی ناوچەی کەرکوکی پەکەکەمان لە قەندیل کوشت

بابەتی دواتر

عێراق بەبێ کارتی ڤاکسین ڕێگە بە گەشتکردن لە فڕۆکەخانەکانەوە نادات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share