ئەو مۆڵەتەی یەکێتيی ئەوروپا بە تورکیای دابوو بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش تەواوبوو

سەرەڕای ئەوەی یەکێتيی ئەوروپا دوێنێی وەک کۆتا کات بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دانابوو، بەڵام تورکیا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە و هیچ هەنگاوێکیش نەنراوە.

پارتى دیموکراتى گەلان هەدەپە لە تويتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتيی تويتەر ئاماژەی بە تەواوبوونی وادەکەی یەکێتيی ئەوروپا کردووە و ڕایگەیاندووە، “با کۆتایی بە بارمتەگرتنی بەرپرسانی هەدەپە بێت”.

کۆمیتەى وەزیرانى ئەنجومەنى یەکێتيى ئەوروپا ڕۆژی 17ی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، “تا کۆتایی ئەم مانگە مۆڵەت بە حکومەتی تورکیا دەدرێت، ڕێکارەکانی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە تەواوبکات و لە ئايیندەدا ئازادبکرێت”.

سەرەڕای ئەو مۆڵەتە حکومەتی تورکیا هیچ کاردانەوە و وەڵامێکی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەى وەزیرانى ئەنجومەنى یەکێتيى ئەوروپای نەداوەتەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندبوو، “پرسی ناوخۆی تورکیا پەیوەستە بە تورکیاوە و بۆهیچ وڵاتێک نيیە دەستوەردانبکات”.

سەڵاحەدین دەمیرتاش ماوەی پێنج ساڵە لە زینداندایە و تا ئێستا چەندینجار لەلایەن دادگاوە بێتاوانی سەلمێندراوە، بەڵام هەرجارەو بە تۆمەتێکی دیکە زیندانیكردنەكەی درێژتردەکەنەوە، ئەمە سەرەڕای فشاری ڕێکخراوەکان و یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش.

بابەتی پێشتر

سەدر هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ دەكات: هەمان مامەڵەتان لەگەڵدا دەكەین

بابەتی دواتر

پۆلیسی گەرمیان بەدوای کەسوکاری کوژراوێکدا دەگەڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share