تیمی یەکێتی: ئاگاداری ئەو ئۆپەراسیۆنانە نین کە ئەنجومەنی ئاسایش بڵاویکردەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دوێنێ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەم، دەستگیرکردنی سێ گروپی ڕاگەیاند کە یەکێکیان سەربە پەکەکە بوون و پیلانی هێرش کردنە سەر کونسوڵگەری، پارێزگار و نوێنەرایەتییەکانیان داڕشتووە، تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنەکە ئەو ڕاگەیەنراوە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن، ” به‌ هیچ جۆرێك ئاگاداری ئۆپه‌راسیۆنی له‌م جۆره‌ نین”.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وتەبێژێکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، “ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتووه‌ له پێنج ئه‌ندامی سه‌ره‌كی كه‌ بریتین له‌‌ راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم، سه‌رۆكی ده‌زگای زانیاری، سه‌رۆكی ده‌زگای پاراستن، و سه‌رۆكی هه‌واڵگریی پێشمه‌رگه‌. له‌م پێنج ئه‌ندامه‌، سێ ئه‌ندامیان له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانن و ته‌نها دوو ئه‌ندامیان پارتین”.

وتەبێژەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت، ” دوای پرسیار كردن له‌ هه‌رسێ ئه‌ندامه‌ باڵاكه‌ی یه‌كێتی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم، ده‌ركه‌وت كه‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی به‌ هیچ جۆرێك ئاگاداری ئۆپه‌راسیۆنی له‌م جۆره‌ نین كه‌ رۆژی 26\10\2020 له‌رێی به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ ناوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌”.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “بۆیه‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ پشكی یه‌كێتی، ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ و هه‌ر به‌یاننامه‌یه‌كی تری له‌م چه‌شنه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ڕەتده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ هه‌ندی وه‌رناگرن و نایسه‌لمێنن، چونكه‌ ئاگاداری ڕوداوی له‌و جۆره‌ نین كه‌ له‌ هه‌رێم ڕویدابێت، ڕێگه‌ش ناده‌ن به‌ناوی ئه‌نجومه‌نێكه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نراو بڵاوبكرێته‌وه‌ كه‌ پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی، ئه‌ندامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ پرسوڕایان پێ نه‌كرابێت”.

بابەتی پێشتر

کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەرێم پێشوازی لە یاداشتی نیگەرانی پەرلەمانتاران کردووە

بابەتی دواتر

کەرکوک.. لە هێرشێکی داعشدا بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکان ئەفسەرێک کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share