ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە.. ئامادەكاری بۆ لێدانی ئێران دەكرێت

ئێران لە بەدەستهێنانی كڵاوەی ئەتۆم نزیكدەبێتەوە و ئەمەش بۆ ئیسرائیل هێڵی سوورە

لە نوێترین پێشهاتی ئیسرائیلدا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، ڕۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرانۆت)ی ئیسرائیلی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر پلانێكی سەربازی بۆ هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و ژێرخانی پەیوەندیدار پێوەی.

ڕاپۆرتەكە كە لەلایەن ڕۆژنامەكەوە بڵاوكراوەتەوە و رۆن بن یەشای، شارەزای ئەمنی و سەربازیی ناسراو نوسیویەتی، كە ناسراوە بە نزیكیی لە خاوەن بڕیارەكانی ئیسرائیل دەڵێت، “كۆبوونەوەیەكی نائاسایی” لەنێوان نفتالی بینیت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و بینی گانتس، وەزیری ئاسایش و ئەفیگدۆر لیبرمان، وەزیری دارایی لەبارەی ئەو پلانەوە ئەنجامدراوە.

بەپێی (یەدیعۆت ئەحرانۆت) بودجەی پێشبینیكراوی پڕۆسەكە لەلایەن دامەزراوەكانی ئیسرائیلەوە بە بەهای 5 ملیار شیكلی ئیسرائیلی (نزیكەی 1.7 ملیار دۆلاری ئەمریكی) بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو دیاریكراوە، كە نزیكەی پێنج هێندەی ئەو بڕەی پێشووە ئیسرائیل دیاریكردووە.

پێشتر سوپای ئیسرائیل داوای زیادكردنی بودجەی لە حكومەت كردبوو بۆ ئامادەكاری بۆ ئەم جۆرە ڕووداوە.

هەروەك دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێكدا بۆ وەزارەتی دارایی ئیسرائیل “مەترسی دامەزراوە ئەمنییەكانی ئیسرائیلی لە خێرابوونی چالاكییەكانی ئێران لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم” نیشانداوە.

پێشتر سەرچاوە میدیایی و سیاسییەكانی نزیك لە نەتەنیاهۆ زانیاری ئەوەیان گواستەوە كە حكومەتەكەی زیاتر لە جارێك لەنێوان ساڵانی 2010 و 2012 هەوڵیداوە بۆ ئاراستەكردنی لێدانی سەربازی بەرامبەر بە ئێران، بەڵام سوپا و دەزگای موساد نائامادەییان بۆ ئەو هەنگاوە بە حكومەت ڕاگەیاندووە.

حكومەتەكەی نەتەنیاهۆ ڕوبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە بەهۆی تۆمەتباركردنی بە لەدەستدانی هەلی گونجاو بۆ دیاریكردنی سنوورێك بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، سەرەڕای ئەو پەیوەندییە باشەی نەتەنیاهۆی بە ئیداری پێشووی ئەمریكاوە دەبەستەوە.

سكای نیوز لەسەر زاری جۆرج هندام، توێژەری شارەزا لە كاروباری سەربازیی ئیسرائیل وتی، ساتی بەدەستهێنانی كڵاوی ئەتۆمی لەسەر موشەكی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە، كە خودپارێزی پێدەبەخشێت، هێڵی سوورە بۆ ئیسرائیل، ئەم ساتەش بە ئاستێكی زۆر نزیكبووەتەوە.

وتیشی، “ئەو هەنگاوە پێویستە بە 250 كیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراوە بە ڕێژەی 20%. ئێران لانیكەم 130 كیلۆگرامی لەوە هەیە، سەرەڕای نزیكەی 10 كیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراو بەڕێژەی 60% و، زیاتر لە چوار تۆن لە یۆرانیۆمی پیتێندراو بە نزیكەی 5%، ئەمەش واتە لایەنی ئیسرائیل هەنگاوێكی شێتانە دەنێت لەهەر ساتێكی پێش گەیشتنی ئێران بە ساتی پارێزگاریكردن لە خۆی”.

بەپێی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكە، لەمڕۆدا دۆخی بەرنامەی ئەتۆمی و موشەكی ئێران زۆر مەترسیدارترە بەراورد بە ڕابردوو، جیاوازتریشە لەوكات. بەهۆی ئەوەی دەكرێت لەماوەی سێ مانگدا ئێران بە وڵاتێكی خاوەن ئەتۆم ئەژماربكرێت، جگە لەوەی ئێرانییەكان دامەزراوە ئەتۆمییەكان و ژێرخانە پەیوەندارەكان بەو بەرنامەیە و موشەكەكانیان لە ڕووبەرێكی زۆر فراواندا داناوە، كە بە سەدان و هەزاران كیلۆمەتر لە یەكتر دوورن، بەجۆرێك پێویستە ئەو لایەنەی دەیەوێت بیكاتە ئامانج لە دەیان ئامانجی دوورلەیەك بدات لە كاتێكی كورتدا و لەناویانببات، هەروەك پێویستە هێرشبەر بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە و هێرشەكەی دووبارەبكاتەوە ئەگەر ئەنجامی یەكەمی بەپێی خواستی ئەو نەبێت.

بابەتی پێشتر

هاوشێوەی دەستوورە.. ڕۆژئاوای كوردستان "پەیمانی كۆمەڵایەتی" هەمواردەكاتەوە

بابەتی دواتر

ئامادەبوونی زیارەتکارانی ئێرانی لە عێراق بۆ چلەی ئیمام حسێن پەیوەستە بە دۆخی کۆرۆناوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share