پارێزەری دۆسیەی بوونی دەڵاڵ لە دادگاکانی هەولێر ڕوونکردنەوە دەدات

بوونی دەڵاڵ لە دادگاکانی هەولێر بۆ مەبەستی وەرگرتنی بەرتیل لەبەرامبەر هەرکارێک کە هاوڵاتییان لە دادگاکاندا هەیانە ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن پارێزەرێکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێرەوە خراوەتەڕوو، پارێزەرەکە دەڵێت، “دوای دوو مانگ دوێنێ بەڵگەکانم لێوەرگیراون”.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەواد خۆشناو ئەو پارێزەرەی سکاڵاکەی پێشکەشکردووە ڕایگەیاند، “بە دانپێدانانی دادوەرانی دادگای پێداچوونەوە هەرێم، ئێستا دادگاکانی هەرێمی کوردستان لە خراپترین بارودۆخدان”.

ئەوەی ئێستا لە دادگاکان ڕوودەدات، “ژمارەیەک لەوانەی لەناو دادگاکاندان و ژمارەیەک کەسیش لە دەرەوەی دادگا خەریکی لەکەدارکردنی دادگاکانن، ئەوەشی من باسی دەکەم بەڵگەی پێویستم هەیە و بابەتەکە دوورە لە سیاسی و حزبی و بەتەواویی بابەتێکی یاساییە”.

ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی پێشوودا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی کردووە و هەموو بەڵگەکانی خستووەتە بەردەستی، بەڵام ئامادەنەبووە لێیوەربگرێت.

بەپێی وتەی پارێزەرەکە، چەندینجار هەوڵی دانیشتنی لەگەڵ سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر داوە بەڵام ئامادەنەبووە بیبینێت، دواتر لەڕێگەی جێگری سەرۆکی دادگاوە داواکەی پێشکەشکردووە.

جەواد خۆشناو باسی لەوەکرد بەڵگەکانی تەنها بیستراونین و دوایینجار خۆی لەناو ئەو مامەڵەیەدابووە و ئاگاداری بووە، بەڵام ڕەتیکردەوە بەڵگەکان ئاشکرابکات بەهۆی ئەوەی لە دادگان و نابێت ئاشکرابکرێن.

وتیشی، بەڵگەکانی داوەتە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر، دەستەی دەستپاکیی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری.

لەوەڵامی ئەوەی ئەو تاوانبارانەی کە لەڕێگەی دەڵاڵەکانەوە ئازادکراون تاوانەکانیان چ جۆرێکبووە و بەچ ماددەیەک دەستگیرکراون؟ پارێزەرەکە تەنها وتی، “تاوان بوون”.

پێشترعەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە بڵاویکردەوە، پارێزەرێك بەناوی جەواد خۆشناو پێیڕاگەیاندووە، “ژمارەیەك دادوەر لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر دەڵاڵیان هەیە و پارە لە خەڵك و لە پارێزەران وەردەگرن لە داگاكانی كەتن، بەرایی و پێداچوونەوە”.

لەو بارەیەوە حاکم ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن و هەوڵی گەیشتن بە بەڵگەکان دەدەن”.

بابەتی پێشتر

بێجی.. سەكۆیەكی تەقاندنی مووشەك تەقییەوە

بابەتی دواتر

قسەی لیژنەی دارایی لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە بودجەی 2021

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share