بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بۆ شۆفێرانی تاکسی و خوازیارانی مۆڵەتی ماتۆڕسکیل بڵاوکردەوە.
لە خاڵی یەکەمی ئاگادارییەکەدا، هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی هەڵگرانی مۆڵەتی شۆفێریی تاکسی ڕایگەیاندووە، لەکاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەیان، پێویستە دوای ئەنجامدانی لیژنەی پزیشکی، ڕاستەوخۆ سەردانی بەڕێوبەرایەتیمان بکەن بەمەبەستی ئاراستەکردنی نووسراو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوان، بەمەبەستی هێنانی ئەستۆپاکی.
سەبارەت بەو شۆفێرانەی مۆڵەتی تاکسییان نییە و داواکارن مۆڵەتی شۆفێریی تاکسی وەربگرن (مۆڵەتەکە تایبەت بێت یاخود گشتی)، هاتوچۆ دەڵێت، پێویستە سەرەتا لە بەشی مۆڵەت نووسرایان بۆ بکرێت بۆ لیژنەی پزیشکی، بەمەبەستی دڵنیابوون لە شیاوییان بۆ مۆڵەتی شۆفێریی تاکسی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هاووڵاتییانەی کە خوازیاری دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریی ماتۆڕسکیلن، پێویستە سەرەتا سەردانی بارەگای بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆ/بەشی مۆڵەتی شۆفێری بکەن، بەمەبەستی پڕکردنەوەی فۆڕم و ئاراستەکردنیان بۆ لیژنەی پزیشکی، کۆتا بەروار بۆ پڕکرنەوەی فۆڕمی پێدانی مۆڵەتی ماتۆڕسکیل 10ـی 10ـی 2026 دەبێت.