دابەزینی بەهای بیزكۆین كێی زیانمەند كرد؟
ڕای لیدەرانی بیزكۆین و پسپۆڕان لەبارەی مامەڵەكردن بە دراوە ئەلیكترۆنییەكانەوە

ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە دراوی گریمانەیی “بیزکۆین” لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەشێک لە هاوڵاتییان بە سەرمایەی جیاواز بەشدارییان تێداکردووە، چەند ڕۆژی ڕابردوو بەهای دراوەكە لە بازاڕەكانی جیهان و هەرێمی كوردستان دابەزی و بووە هۆی زیان بۆ بەشێك لە بەشداربووان، بەڵام یەکێک لە “لیدەر”ــەکانی ئەو دراوە بەردەوامیی کارەکانیان لە هەرێمی كوردستان دووپاتدەكاتەوە و ڕەتیدەکاتەوە شکستیان هێنابێت.

بیزکۆین وەک یەکێک لە دراوە گریمانەییەکان لە کۆتایی ساڵی 2018دا هاتە ناو جیهانی مامەڵەی ئەلیکترۆنییەوە، دراوەکە لەلایەن دوو برای پاکستانییەوە دروستکراوە و خاوەندارێتی دەکرێت، ئێستا لە سەرتاسەری جیهاندا بەشداربوو و مامەڵەكاریان هەیە، نرخی یەك بیزكۆین لە کەمتر لە سەنتێکەوە دەستیپێکرد و لەماوەی پێشوودا گەیشتە 80 سەنت، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و ئێستا نرخی یەک بیزکۆین نزیكەی 20 سەنتە.

هۆمەر پەلکانە، یەکێک لە “لیدەر”ــەکانی مامەڵەی بیزکۆین لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی زیانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی دراوی دیجیتاڵیی بیزکۆین، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “مامەڵەکردن بە بیزکۆینەوە لە هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری بە داهاتی بەشداربووەکانی گەیاندووە، بەهۆی دابەزینی نرخەکەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەڵام وەک قەبارەی زیانەکان هیچ لایەنێک نییە ئەو داتایەی لابێت”.

یەکێکی دیكە لە هۆکارەكانی زەرەرمەندبوونی خەڵک لە مامەڵەکردنیان بە بیزکۆین بەبڕوای لیدەرەكە، بۆ “نەشارەزایی خەڵک لە مامەڵەکردنیان لەو بوارەدا دەگەڕێتەوە، هەر ئەمەش قەبارەی زیانەکانی زۆر زیاتر کردووە”.

هۆمەر پەلکانە نەیشاردەوە، كە “خەڵکێکی زۆر بە نەشارەزایی و بە سەركێشییەكی بەرزەوە بەشدارییان لە مامەڵەکاندا كردووە، ئەمەش وادەکات ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە قەبارەیەکی گەورە زیانیان بەرکەوێت”.

پێشی وایە، “زیانەکانی ئەم دواییەی مامەڵەکردن بە دراوەکە زیانی زۆری بە سومعەی بیزکۆین گەیاندووە لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو دابەزینە لەپڕ و خێرایانە هەمیشە زیانی گەورەی بۆ خودی دراوەکە هەیە”.

بەڵام ئەو لیدەرەی بیزكۆین، کە لە ساڵی 2013‌ــوە کار لە بواری دوارە دیجیتاڵییەکاندا دەکات، بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی دراوەکان یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەمجۆرە مامەڵانە و شتێكی چاوەڕواننەكراو نییە.

لەوبارەیەوە دکتۆر ڕزگار عەبدولکەریم مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ئابوری بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “شتێک بەناوی مامەڵەی فەرمی و ڕوون بە دراوی ئەلیكترۆنییەوە بوونی نییە، ئەوەی هەیە جۆرێکە لە فرتوفێڵ و مامەڵەیەکی فەیکە لە کۆی مامەڵەی کریپتۆکەرەنسیدا و لەناویشیاندا بیزکۆین”.

ئەو پسپۆڕە ئابورییە دەڵێت، سروشتی ئەم جۆرە مامەڵانە بەوجۆرەیە، كە کەسی بەشداربوو ماوەی سەرەتا تا چەند مانگێک قازانج دەکات، بەڵام دواتر پشکی کەسەکە بەردەوام دێتەخوارەوە و زیان دەکات”.

پسپۆڕەكە نمونەی چەندین کۆمپانیای هاوشێوە دەهێنێتەوە، کە پێشتر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و زیانێکی زۆر بەر بەشداربووانیان کەوتووە و دواتر هەندێکیان بەتەواوی دەرگای کۆمپانیاکانیان داخستووە.

بەڵام مەریوان نەجم، كە یەکێکی دیکەیە لە لیدەرەکانی بیزکۆین لە هەرێمی کوردستان، ڕەتیدەکاتەوە کۆمپانیاکەیان شکستیهێنابێت و بەتۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە بەردەوامین لە مامەڵە و کارەکانی خۆمان، ئەوەی هەیە دابەزینێکی کاتییە لەنرخی دراوی بیزکۆین، کە پێشتر نرخەکەی تا 60 بۆ 80 دۆلار بەرزبووەوە و ئێستا نرخەکەی دابەزیوە بۆ 20 سەنت ئەمەش زیانی بە بەشداربووەکان گەیاندووە”، هەرچەند بەبڕوای ئەو تەنها ژمارەیەک لەبەشداربووان کە بیزکۆینیان بەنرخێکی بەرز کڕیوە و ئێستا نرخەکەی دابەزیوە، زیانیان بەركەوتووە.

پرسی خواردن و فەوتانی پارەی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان بەشداریی مامەڵەی بیزکۆینیان کردووە، یەکێکە لە نیگەرانییەکانی بەشداربووەکان، هۆمەر پەلکانە ئەو ئەگەرەی ڕەتکردەوە و وتی، “ئەگەری فەوتانی پارەی بەشداربوون بوونی نییە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە، ئەوەیە كە مامەڵەکردنەکە دەبێت بە شارەزایی بکرێت و دەکەوێتە سەر شارەزایی کەسەکە، ئاستی تێگەیشتن و خوێندنەوەی خودی کەسەکە بۆ مامەڵەی بازاڕ بڕیاردەدات کەسەکە زیان دەکات یان دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە قازانجکردن، ئەگەرنا تائێستا هیچ پارەخواردنێک نەبووە و لەداهاتووشدا ئەگەری ڕوودانی ئەوە دوورە”.

بەپێچەوانەی لیدەرەکەی بیزکۆین، بەتایبەت لە بارەی قازانجكردنەوە، دکتۆر ڕزگار عەبدولکەریم دەڵێت، “ئەوانەی بەشداری دەکەن لە کریپتۆکەرەنسی، تەنها چەند کەسێکی دیاریکراو قازانجی لێدەکەن و ئەوانی دیکە تەنها زەرەرمەنددەبن، ئەوەشی لە کوردستان هەیە کاریگەرییەکی نەرێنیی هەیە لەسەر ئابوریی هەرێم، چونکە خەڵکێکی زۆر بە داهاتێکی گەورە بەشداری دەکەن و دواتر زیانیان بەردەکەوێت، جگە لەوەی داهاتێکی زۆری کوردستان دەچێتە دەرەوە بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی هەبێت”.

پەیوەست بە بەکارهێنانی دراوە ئەلیكترۆنییەكە و مامەڵەپێوەکردنی، هۆمەر پەلکانە ئەو بوارانەی ئاشكراكرد كە دەكرێت دراوەكەی تیادا بەكاردێت، دەتوانرێت مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و مامەڵەی دیکەی پێوەبکرێت، بە نمونەی ئەوەی کەسانێک لە گواستنەوەی دراودا مامەڵەی پێوەدەکەن، هەروەها بۆ کڕینی شمەک یان بەشداریکردن لە بەرنامە فێرکارییەکان بەکاریدەهێنن.

بەڵام مامۆستاکەی زانکۆ ئەوە بە فێڵ ناودەبات و دەڵێت، “شتێک بەناوی کڕین و فرۆشتن نییە، ئەمە جۆرێکە لە چەواشەکردن، تۆ دەتوانیت بە چەند شتێک کە بۆت دیاریکراوە مامەڵە بە دراوەكەوە بكەیت”، هەروەها ئەو “مامەڵە فەیکانە” وەک ڕێگەیەک بۆ “دەوڵەمەندبوونی ژمارەیەکی کەم لەوانەی لیدەرن لە مامەڵەکاندا” ناودەبات و زیانی گەورە بەر زۆرینەی خەڵک دەکەوێت، “ئەمجۆرە دراوانە نە هیچ سەنگ و قورساییەکیان لە ئابوریی جیهاندا هەیە و نە دەتوانن هیچ بۆ بازاڕەکانی جیهان زیادبکەن”.

پێشتر چەندین جۆری دراوە گریمانەییەکان لە هەرێمی کوردستان بەشداربووانیان هەبووە و هەندێکیان بەتەواوی شکستیانهێناوە و داخراون، هەندێکیشیان لەگەڵ کەمبوونەوەی بەدەمەوەچوونی خەڵک بۆیان هەر بەردەوامن، دوایین جۆریش کە نمونەی شکستی دراوە دیجیتاڵییەكانە، دراوی دیجیتاڵیی وەن کۆین بوو، کە خاوەنەکەی ژنێکی پۆرتوگالی بوو.

بابەتی پێشتر

دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای بودجەی 2021ـەوە بڕیاریدا

بابەتی دواتر

بێجی.. سەكۆیەكی تەقاندنی مووشەك تەقییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share