سبەی ڤیستیڤاڵی پایزەی بەرهەمە ناوخۆییەكان لە سلێمانی دەكرێتەوە

هەشت شوێن تەرخانكراوە بۆ نەخۆشانی هیوا

بڕیارە سبەی ڤیستیڤاڵی پایزەی بەرهەمە ناوخۆییەكان لە سلێمانی بكرێتەوە و سەرپەرشتیارەكەشی دەڵێت، پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و جگەلە خستنەڕووی بەرهەمە خۆماڵییەكان چەند خزمەتگوزارییەكی تەندروستیی بێبەرامبەریش دابینكراوە.

ساكار حەمەكەریم، سەرپەرشتیاری ڤیستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڤیستیڤاڵی پایزەی ئەمساڵ سبەی كاتژمێر 10ی بەیانی لە هۆڵی كارگەی جگەرەی سلێمانی دەكرێتەوە و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، ڕۆژانە تا كاتژمێر 10ی شەو بەردەوام دەبێت.

لە ڤیستیڤاڵەكەدا 42 دووكان تەرخانكراوە، كە لە سەرجەمیاندا بەرهەمە خۆماڵییەكان دەخرێتەڕوو وەك بەرهەمی كشتوكاڵی، وشكەكانی وەك گوێز و برنجی خۆماڵی، ڕووبەهەنار و دۆشاو و ئیشی دەستی خانمان، وەك ئەوەی ساكار باسیكرد.

ئەوەشی خستەڕوو، هەشت شوێنیان بێبەرامبەر تەرخانكردووە بۆ نەخۆشانی هیوا تا لەناویدا بەرهەمەكانی دەستیان وەك سابوون، چنین و كەلوپەلی جوانكاری ناوماڵ بخەنەڕوو، جگە لەوەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بێبەرامبەر ئیشەكانی خۆیان نمایش بكەن.

لەماوەی ڕابردوودا هەشت ڤیستیڤاڵی لەو جۆرە لە سلێمانی ئەنجامدراوە.

لە ڤیستیڤاڵەكەدا خزمەتگوزاریی تەندروستیی بێ بەرامبەر فەراهەمكراوە و سەرپەرشتیارەكەی ئەوەی خستەڕوو، سەنتەری تەندروستیی ڤاكسینی كۆرۆنا بەردەوام دەبێت لە پێدانی ڤاكسینی فایزەر بە خوازیاران و لەماوەی ئەو پێنج ڕۆژەدا هەر هاوڵاتییەك ڤاكسین وەربگرێت، ناوی دەچێتە تیروپشكەوە و شەوانە یەك كەس خەڵاتی ڤیستیڤاڵی بۆ دەردەچێت.

هاوكات لقێكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی كراوەتەوە و تیایدا پشكنینی (فشاری خوێن، شەكرە و لێدانی دڵ) بێ بەرامبەر بۆ سەردانكەرانی ڤیستیڤاڵەكە ئەنجامدەدەن.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ڕێوشوێنە ئەمنییەكانی ڕۆژی دەنگدان كۆبووەوە

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: هاوپەیمانیی یەكێتی و گۆڕان بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کوردە لە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار