متمانەی ژن بە كاندیدە ژنەكانی هەڵبژاردن.. ڕابردوو و ئایندە

لە هەڵبژاردنەکانی دوای 2003ی عێراقدا، بەپێی یاسای کۆتای ژنان، بەشێک لەو کاندیدە ژنانەی دەنگی پێویستی دەرچوونیان نەهێنا، بەڵام هەر چوونە پەرلەمان، ئەوەش پشتئەستوور بە یاسای کۆتای ژنان، کە ڕێژەیەک بۆ ژنان دادەنێت و زۆرینەی جار ئەو ڕێژەیە %25 بووە.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی مانگی داهاتووی عێراقدا، بەپێی ڕێنماییەک، پێویستە ڕێژەی ژنان %25 بێت و ئەوەش هاوکاری کاندیدە ژنەکان دەکات جارێکی دیکە پشتگیرییەکیان هەبێت بۆ دەرچوون.

کاندیدە ژنەکان بۆچوونیان لەبارەی بەدەستهێنانی متمانەی ژنان چییە؟

سروە محه‌مەد ڕەشید، کە لە بازنەی پێنجی سلێمانی لەسەر هاوپەیمانی کوردستان خۆی کاندید کردووە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەزموونی پێشووتری ژنان لە کایە کارگێری و سیاسییەکاندا، ئەوەی بۆ کۆمەڵگە سەلماندووە کە دەکرێت ژنێک دڵسۆز و کاریگەر و ئیشکەر بێت لە پێگەکەی خۆیدا، ئەوە کاریگەریی لەسەر متمانەی ژنان و خەڵکی بە گشتی دروستکردووە کە متمانە بە کاندیدە ژنەکان بکەن”.

ئەو کاندیدە ژنەی هاوپەیمانی کوردستان پێشیوایە، لەناو حزبەکەیدا کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، مام جەلال ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە ڕۆڵپێدانی ژنان لە ناوەندە سیاسی و کارگێڕییەکاندا، ئەوەش بووەتە ڕێچکەشکێنییەکی باش بۆ ژنانی دیکە.

بە دیدی سروە محەمەد، ڕۆڵی ئەرێنیی ژنان لەهەر پۆستێکدا بن، کاریگەریی لەسەر متمانەی زیاتری ژنان دەبێت لە ئایندەدا، “ئەگەرچی کەلتورە سیاسییەکە بەردەوام ڕێگر بووە لە متمانەبەخشین بە ژنان”.

ڕوناک مەجید فەتاح، کاندیدێکی سەربەخۆیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، قسە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دەکات، سەبارەت بە ڕێگرییەکان لەبەردەم ژناندا بۆ گەیشتن بە پەرلەمان.

ئەو کاندیدە سەربەخۆیە دەڵێت، “زۆرجار هەبووە ژنان بە دەنگی خۆیان چوونەتە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستاش کەلتوری سیاسی ڕێگرە لە بەشداریی تەواوی ژنان لە کایە سیاسییەکاندا، چونکە کۆمەڵگە وا ڕاهاتووە، متمانەی بە پیاوان بەخشیوە و لە مێژەوە ئەم حاڵەتە واهاتووە”.

ڕوناک مەجید فەتاح، ئاماژەی بەوەشکرد، “ژنان سەلماندویانە کە هاوسەنگ و دڵسۆزن لە پۆست و شوێنەکانیاندا، بۆیە ئەمە هێواش هێواش کاریگەریی لەسەر پرۆسەی دەنگدانی داهاتوو دەبێت تا كاندیدە ژنەكان متمانەی زیاتری ژنان بەدەستبهێنن”.

کاندیدە ژنەکان پێیانوایە جیاوازییەک هەیە لەنێوان ئێستا و ڕابردوودا، بەهۆی ئەو ڕۆڵەوە کە ژنان لە پەرلەمان و پۆستەکاندا بینیویانە.

هەرلەبارەی متمانەی ژنان بە کاندیدەکان، پەخشان سیان، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی لە بازنەی سێی ڕۆژئاوای هەولێر، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “هەرکاتێک ژنان ویستیان خۆیان بسەلمێنن لەهەر شوێنێک بێت، ئەوا یەکەمجار دەبێت وەبەرهێنان لەخۆیدا بکات و متمانەی بەخۆی هەبێت، چونکە بەداخەوە لێرە ڕێگای سەرەکی بۆ سەرکەوتن، تەنها حزبایەتییە، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە توانای فکری و کۆمەڵایەتی پێوەربێت، نەک تەنها پێوەری حزبایەتی”.

ئەو ژنەكاندیدە وتیشی، “تا ئێستا بۆیە ژنان سەرکەوتوو نەبوون، ئەو نمونانەی کە هەن و پێشتر چوونەتە کایە کارگێری و حوکمییەکان، نوێنەری حزبی بوون، نەک نوێنەری خۆیان، بۆیە متمانە کەمترە بە ژنان”.

بەشێکی زۆر لە لیست و هاوپەیمانێتییەکانی هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی عێراق، بەشێک لە کاندیدەکانیان ژنن و دەیانەوێت بە سوودوەرگرتن لە یاسای کۆتای ژنان، کاندیدەکانیان بنێرنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە كۆتای ژنان بڵاوکردووەتەوە بەپێی ڕێنماییەکە نابێت ڕێژەی ژنان لە هەڵبژاردندا 25% كەمتر بێت.

لە ڕێنماییەکەدا هاتووە، ئەگەر لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا كاندیدێكی ژن بە دەنگی خۆی سەركەوت، ئەوا سیستەمی كۆتا تەواودەكات و هیچ گۆڕانكارییەك ناكرێت ( واتا ئەگەر ژنێك بە دەنگی خۆی دەرچوو ئەوا سیستمی كۆتا كۆتایی پێدێت)، لەگەڵ ئەوەش لە كۆی (329) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (83) كورسی بۆ ژنانە.

كۆمسیۆن ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەگەر لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا كاندیدێكی ژن بەدەنگی خۆی سەرنەكەوت، ئەوا كاندیدە ژنەكە دەچێتە شوێنی دواهەمین كاندیدی براوەی پیاو لەو بازنەیەدا ( واتا ئەو كاندیدە ژنەی زۆرترین دەنگی هێناوە، دەچێتە شوێنی ئەو كاندیدە پیاوە دەرچووەی كەمترین دەنگی هێناوە).

بابەتی پێشتر

دەستبەسەر نیو تۆن تەقەمەنیدا گیرا کە دەویسترا بهێنرێتە عێراقەوە

بابەتی دواتر

بەهۆی پاییزەوە هەڤاڵ ئەبوبەكر داوای خۆڤاكسینكردن لە خەڵكی سلێمانی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share