فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەكی دیكە لە بەشداربووانی كۆنگرەكەی هەولێر دەرچوو

دادگای لێكۆڵینەوەی ئەنبار

دادگای لێكۆڵینەوەی ڕومادی لە ئەنبار فەرمانی دەستگیركردنی بۆ پێنج بەشداربووی دیكەی كۆنگرەكەی هەولێر دەركرد، ناویان بە تۆمەتبار هاتووە و فەرمانەكە بەپێی ماددەی 201 لە یاسای سزادانی عێراقی دەركراوە.

داواكراوە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەولێر ببەسترێت، بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكە، بەوپێیەی “تۆمەتباران لە هەولێر نیشتەجێن”.

داواكە دژ بە بەشداربووان لەلایەن عەلی فەرحان دلێمی، پارێزگاری ئەنبارەوە جووڵێنراوە، لەسەر بنەمای ئەو داوایەش دادگاكە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هەریەك لە (وسام عەبد ئیبراهیم حردان عیساوی)، (عەلی وسام عەبد ئیبراهیم عیساوی)، (ریسان زعار عەلاوی حەلبوسی)، (عەبدوڵا عەتاڵا ئەحمەد ساڵح جغێفی) و (سەحەر كەریم تائی) دەركردووە.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخی یەك لەسەر بنەمای زانیاری پێشكەشكراو لە ڕاوێژكارێتی ئاسایشی نەتەوەیی یاداشتی دەستگیركردنی دەرهەق بە (وسام حەردان) دەركرد بەهۆی ئەو ڕۆڵەی هەیبووە لە بانگەشەی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل.

ئاشكراشیكردووە، “هەروەك یاداشتی دەستگیركردن دەرهەق بە (میسال ئالوسی) و (سەحەر كەریم تائی) فەرمانبەر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەهەمان تاوان دەرچووە”.

ئەنجومەنەكە ئاماژە بەوەشدەكات كە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەودوای بەشداربووان دەگیرێتەبەر لەدوای زانینی ناوی تەواویان.

ڕۆژی هەینی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەك بەناوی “السلام و الاسترداد” بەڕێوەچووە، ژمارەیەكی زۆر سەرۆك عەشیرەتی عەرەبی سوننی و شیعی تیایدا بەشداربوون، داوایانكردووە پەیوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیل ئاسایی بكرێتەوە.

بەڵام كۆنگرەكە و داواكارییەكە كاردانەوەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق لێكەوتەوە و ڕەتكرایەوە.

لەو چێوەیەدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، سەرۆكایەتیی كۆمار، چەند حزب و لایەنێكی دیكەی عێراقی كاردانەوەی نەرێنییان هەبوو.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتیكردەوە، “کۆبونەوەکە بەبێ ئاگاداری و بەشداری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و بەڕێوەچوە، ئەم کۆبونەوەیە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات”.

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، ئەوانەی بەشداربوون لە كۆنگرەكەدا لە هەرێمی كوردستان دەردەكرێن.

بابەتی پێشتر

ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. مامۆستایانی کورد دژی خراپیی بژێوییان گردبوونەوە

بابەتی دواتر

ئەو ناوەندەی كۆنگرەكەی هەولێری ڕێكخست كێ بوو؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share