لە هەولێر كۆبوونەتەوە
بەغداد داوای ژمارەیەك هۆز بۆ ئاساییبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتدەكاتەوە

كۆبوونەوەكە لە هەولێر ئەنجامدراوە

حكومەتی عێراق كۆبوونەوەی هەندێك لە سەرۆك هۆزە عەرەبەكان لە هەولێر بە نایاسایی ناودەبات، كە تیایدا داوای ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل كرابوو و داواكاریییەكەشیان ڕەتدەكاتەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، حكومەت دووپاتیدەكاتەوە ئەم كۆبوونەوانە دەربڕی ڕای خەڵك و دانیشتووانی شارەكانی عێراق نییە، كە ئەو كەسایەتییانە دەیانەوێت بەناوی دانیشتووانەكانیانەوە بدوێن، بەڵكو تەنها هەڵوێستی ئەوانەیە بەشداربوون تیایدا.

كۆبوونەوەكەش بە هەوڵێك بۆ “شێواندنی دۆخی گشتی و زیندووكردنەوەی تایفیەت” ناودەبات، لەكاتێكدا شارەكانی عێراق لە ئامادەكاریدان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

نووسینگەكەی كازمی جەختیشدەكاتەوە كە خستنەڕووی دەستەواژەی ئاساییكردنەوە لەڕووی دەستووری و یاسایی و سیاسی لە وڵاتی عێراقدا ڕەتكراوەیە و “حكومەت بە ڕوونی هەڵوێستی مێژوویی چەسپاوی عێراقی لە پشتیوانیكردنی پرسی دادپەروەرانەی فەڵەستین و بەرگریكرن لە مافەكانی گەلی فەڵەستین دووپاتكردوەتەوە، كە لە پێشینەیدا مافی بوونی دەوڵەتی سەربەخۆیە، كە پایتەختەكەی قودس بێت”.

“لەگەڵ ڕەتكردنەوەی سەرجەم جۆرەكانی نیشتەجێكردنی جووەكان و دەستدرێژی و داگیركاری كە ئیسرائیل دژ بە گەلی فەڵەستینی ئەنجامیدەدات”، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

ڕۆژی هەینی نزیكەی 300 كەسایەتیی سوننی و شیعی لە كۆبوونەوەیەكدا لە هەولێر داوایان لە حكومەتی بەغداد كرد پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل گرێبدات، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرۆنۆت)ی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە.

لە 15ی ئەیلولی 2020 ئیمارات و بەحرەین یەكەم دوو دەوڵەتی كەنداو بوون كە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند، دواتریش هەریەك لە مەغریب و سودان هەمان هەنگاویان گرتەبەر.

لە ساڵی 1948 پاش جەنگێك لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و لەنێویشیاندا عێراق، دەوڵەتی ئیسرائیل ڕاگەیەندرا، بەهۆیەوە زۆرینەی ئەو جووانەی لە عێراق نیشتەجێبوون و ژمارەیان 150 هەزار كەس بوو، وڵاتیان بەرەو ئیسرائیل جێهێشت.

بابەتی پێشتر

نرخی ئایفۆن 13 لە هەرێمی کوردستان لە سەروو هەزار و 200 دۆلارەوە دەستپێدەکات

بابەتی دواتر

دوای حەوت مانگ، ماكینەكەی لیڤاندۆڤیسكی لەكاركەوت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share