گۆتیرێش هۆشداری لە هەڵایسانی “جەنگی سارد”ی نوێ دەدات

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان فۆتۆ: ڕۆیتەرز

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات لە ئەگەری سەرهەڵدانی “جەنگی سارد”ی نوێ و داوا لە چین و ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات پەیوەندییەكانیان باش بكەن.

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەر لە كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا گرێبدرێت و بۆ یەكەمجارە لە بارەگای ڕێكخراوەكە لە شاری نیویۆرك بەڕێوەدەچێت پاش پەتای كۆرۆنا، ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر هەردوو هێزە ئابورییە سەرەكییەكەی جیهان هەماهەنگی بكەن دەربارەی ئاووهەوا و بە گوڕوتینێكی گەورەترەوە دانوستان لەبارەی بازرگانی و تەكنەلۆژیاوە بكەن، تەنانەت لەسایەی بەردەوامیی دابەشكارییە سیاسییەكان سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ و ئابوری و ئاسایش لەڕێی ئینتەرنێت و سەروەری لە دەریای باشووری چین.

ئاماژەی بەوەشكرد، “پێویستە مامەڵە لەگەڵ كێشەكانی خۆراك و كێشەی گۆڕانی ئاووهەوا و زۆرێك لە كێشە جیهانییەكانی دیكە بكرێت، كە چارەسەرنابێت بەبێ پەیوەندییەكی بونیادنەرانە لەنێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، بەتایبەتیش لەنێو گەورەهێزەكاندا”.

بەر لە دوو ساڵ گۆتیرێش هۆشداری دا لە دابەشبوونی جیهان بۆ دوو بەش، لەسایەی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و چین لە چەندین بواردا.

ئێستاش پێی وایە، “پێویستە خۆ لە جەنگی سارد بپارێزین بەهەر نرخێك بێت”، بەو پێیەی ئەو جەنگە جیاواز دەبێت لەوەی پێشوو و “دەشێت زیاتر مەترسیدار و زیاتر دژواربێت لە مامەڵەكردن لەگەڵیدا”.

جەنگی سارد ڕاستەوخۆ پاش جەنگی جیهانیی دووەم لەنێوان یەكێتیی سۆڤیەتی جاران و هاوپەیمانە ڕۆژهەڵاتییەكانی و ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكانی لەلایەكی دیكەوە دەستیپێكرد، بە هەرەسهێنانی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 كۆتایی هات.

ئەو جەنگە ململانێیەكی توند بوو لەنێوان دوو هێزی گەورەی خاوەن چەكی ئەتۆم و خاوەن دوو ئایدۆلۆژیای جیاواز، یەكێكیان شیوعی و ئەوی دیكەش سەرمایەداری.

بابەتی پێشتر

فینلەندا كونسوڵخانە لە هەرێم دەكاتەوە

بابەتی دواتر

سەرۆك كۆمار گەیشتە نیویۆرك

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share