وردەكاریی بازنەكانی هەڵبژاردن لە عێراق

بەدەر لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركوك، دەنگ بۆ دابەشكاریی بازنەكانی هەڵبژاردن لە عێراق درا بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

 

ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەكەم، لە دانشیتنی پەرلەمانی عێراقدا بازنەكانی هەڵبژاردنی 16 پارێزگای عێراق لەكۆی 18 پارێزگا یەكلا كرانەوە، یەكلاكردنەوەی بازنەكانی پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا دواخرا بۆ دانشیتنی دووشەممەی داهاتوو.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەدراوێكدا ئاشكرایكردووە، “پەرلەمانی عێراق دەنگی داوە بە 17 بازنەی هەڵبژاردن بۆ بەغداد و شەش بۆ بەسڕە، پێنج بازنە بۆ هەریەك لە زیقار و سلێمانی و چوار بازنەش بۆ هەریەك لە بابل و ئەنبار و هەولێر و دیالە، سێ بازنەش بۆ هەریەك لە نەجەف و سەڵاحەدین و دهۆك و دیوانیە و كەربەلا و واست و میسان، دوو بازنەش بۆ پارێزگای موسەنا”.

یەكێك لە لەمپەرە گەورەكانی بەردەم هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بوو بەتایبەت پرسی دابەشكرایی بازنەكان، بەڵام یەكلاكردنەوەی ئەو هەموارە خەریكە دەبێتە ڕاست و ئەو لەمەپەرە نامێنێت.

پێشتر تەها حەمەد ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، هێشتا هیچ شتێك یەكلانەكراوەتەوە و گفتوگۆیەكی زۆر هەیە.

وتیشی، “ئەوەی گرنگ بێت دەربارەی بازنەی هەڵبژاردنی كەركوك و نەینەوا تائێستا كورد و عەرەب و توركمان بە تەواوی ڕێكنەكەوتوون بازنەكان چۆن بێت، لە ڕووی دابەشكردنی بازنەی جوگرافییەوە بە تەواوەتی یەكلانەبووەتەوە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕوونكردەوە، بەهۆی بوونی گفتوگۆ و ناكۆكییەوە دانیشتنەكە هەڵگیرا و ماوەی 48 كاتژمێر دیاریكرا بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان.

بەر لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، نوێنەرانی كورد لەگەڵ محەمەد حەلبوسی تایبەت بە پرسی بازنەكانی كەركوك و نەینەوا كۆبوونەوە، دەربارەی كۆبوونەوەكە تەها حەمەد ئەوەی وت، “كۆبوونەوە كرا، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام”.

دابەشكردنی پارێزگاكان بۆ چەند بازنەیەك، بەپێی هەمواری یاساكەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا لە عێراق پەیڕەودەكرێت، بەڵام وردەكاریی چۆنیەتی دابەشكردنی بازنەكان ناكۆكی هێز و لایەن و پێكهاتەكانی لەسەرە.

ئەمشەو لە وتارێكدا بەبۆنەی یادی خۆپیشاندانەكانی تشرین لە عێراق مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق وتی، “سوورین لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق لە كاتی خۆیدا لە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو”.

بابەتی پێشتر

لە ناوچەی سەوزی بەغداد ڕێوشوێنی ئەمنیی توند گیراوەتەبەر

بابەتی دواتر

سەرۆكایەتیی فەڕەنسا وەڵامێكی توندی ئەردۆغانی دایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بۆچی پلاسخات بەپەلە عێراقی جێهێشت؟

شەوی رابردوو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، تێیدا جگە لە تاووتوێکردنی دۆخی وڵاتەکە، جێنین…
Total
0
Share