کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر  ئابوریی جیهان و نرخی سووتەمەنی چین؟

داخستنی گەرووی هورمز یەکێکە لە ترسناکترین سیناریۆکان بۆ بازاڕی وزەی جیهانی، چونکە ئەم گەرووە تەنها ڕێڕەوێکی ئاویی نییە، بەڵکو “شا دەمار”ی گواستنەوەی نەوتی جیهانە.

گەرووی هورمز ڕۆژانە نزیکەی %20 بۆ %30ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

داخستنی ئەم دەروازەیە دەبێتە هۆی:

کەمیی خستنەڕوو :

کاتێک بڕێکی زۆر لە نەوتی وڵاتانی (عەرەبستانی سعودی، عێراق، ئیمارات، کوەیت و ئێران) ناگاتە بازاڕ، نرخەکان بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز دەبنەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت  بۆ 200 دۆلار:

زۆرێک لە شرۆڤەکارانی ئابوری پێشبینی دەکەن لە کاتی داخستنی گەرووەکەدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو 100 دۆلار تێپەڕێنێت “هەروەکو ئەوەی ئێستا ڕوویداوە” و ئەگەری گەیشتنی بە 150 بۆ 200 دۆلاریش هەیە.

بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین:

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر نرخەکان لە وێستگەکانی سووتەمەنی بەجۆرێک نرخی لێترێک بەنزین لەسەر ئاستی جیهان دوو هێندە یان زیاتر دەبێت، ئەمەش تێچووی گواستنەوەی کەلوپەل و خۆراکیش گران دەکات.

غازی سروشتی:

قەتەر وەک یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی غازی شل، پشت بەم گەرووە دەبەستێت، داخستنی، دەبێتە هۆی قەیرانی وزە و گرانبوونی کارەبا و گەرمکەرەوەکان، بەتایبەت لە ئەوروپا و ئاسیا.

تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی:

تەنیا هەڕەشەی داخستنەکەش بەسە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی دڵنیایی تێچووی بارکردنی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا بۆ چەندین هێندە بەرز بکەنەوە.

کەشتییەکان ناچار دەبن ڕێگای دوورتر و تێچووی زۆرتر هەڵبژێرن (وەک سوڕانەوە بەدەوری ئەفریقادا)، کە ئەمەش کات و خەرجیی سووتەمەنی زیاددەکات.

کاریگەری لەسەر وڵاتانی بەکارهێنەر:

وڵاتانی پیشەسازی (چین، ژاپۆن، هیندستان)، ئەم وڵاتانە زۆرترین نەوتی ناوچەکە دەکڕن، گرانبوونی سووتەمەنی دەبێتە هۆی سستبوونی گەشەی ئابوورییان.

هەڵاوسانی جیهانی:

گرانبوونی سووتەمەنی نرخی هەموو شتێک لە بازاڕدا بەرز دەکاتەوە و تێچووی ژیان بۆ خەڵک قورس دەکات.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share