گفتوگۆی چڕ دەکرێت لەبارەی خامۆشکردنی دواین پشکۆی ئاگری سوریا

گفتوگۆ و دانووستانی چڕ و پڕ بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر ناوچەکانی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، بەو ئاڕاستەیەی پرسی کورد لە سوریا چارەسەر بکرێت و دانووستانکاران بەردەوامن لە گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە و دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا.

ئاژانسی رۆیتەرز کە قسەی لەگەل دەیان سەرچاوەی جیاواز کردووە، گەیشتووە بەو دەرئەنجامەی دانووستانکارانی دیبلۆماسی و سەربازیی ئەمریکا، تورکیا، سوریا، ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە، هەموو لایەک بیروبۆچوونەکانیان نەرمترە لەوەی لە میدیاوە دەردەکەوێت و نزیکن لەوەی بگەن بە چارەسەر لەبارەی دۆخی هەرێمەکەوە و ئەم قسەیە لە چەندین سەرچاوەی رەسمی و بەشداری دانووستانەکان پشتڕاستکردووەتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرق نیوز هەفتەی رابردوو، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، یەکێک لە داواکارییە بنەڕەتییەکان لامەرکەزیەتە، کە تەحەدایەکە بۆ سەرکردایەتی نوێی سوریا، کە دەیەوێت هەموو وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەت دوای روخاندنی بەشار ئەسەد.

عەبدی راشیگەیاند، ئەوان ئامادەن ببن بە بەشێک لە سوپای نوێی سوریا بەڵام بەبێ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکەیان و وەک بەشێک لە هێزی نوێی سوریا.

مورهاف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سوریا لە چەند رۆژی رابردوو قسەی کرد و رایگەیاند، ئێمە دەڵێن ئەوان بێنە ناو وەزارەتی بەرگرییەوە لە نێو هەڕەمی وەزارەتی بەرگریدا و بە شێوازێکی سەربازیی دابەش بکرێن، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەوەدا نیە.” بەڵام مانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وەکو هێزێکی سەربازی گونجاو نییە.

سەرەڕای هەموو ئەم قسانەی کە دەکرێن، بابەتی چارەسەری یەکجارەکەی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کە بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر، پەیوەندیدارە بەوەی ئایا ترەمپ هەڵوێستی چی دەبێت دوای وەرگرتنی سەرۆکایەتیی وڵات و بەرنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چۆن دەبێت لەبارەی پاڵپشتیکردن لە باشترین هاوپەیمانیانەوە وەک خۆیان دەڵێن.

وانشنتۆن وەک فیگەرێکی سەرەکی لەم بابەتە مامەڵە دەکات، لەلایەک ئەندامێکی ناتۆی لەگەڵە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکات، لەلایەکی دیکە گرنگترین هاوپەیمانی کە هێزە کوردییەکانن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا.

کوردەکان کە خوازیاری مافەکانیان و لە هەوڵدان لە دەستووری نوێی وڵاتدا جێگەیان بکرێتەوە، ئامادەییان نیشانداوە بۆ چارەسەری پرسەکان و گەڕانەوەی ئەو هەڤاڵانەی خەڵکی سوریا نین لەنێو هێزەکانیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

عەبدی بە شەرق نیوزی راگەیاند، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرپەرشتیاری شۆڕشی سوریا کۆبووەتەوە و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربازیی هاوبەش بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی تێکەڵبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و دیدارەکەی بە ئەرێنی ناوبرد.

دواجار ئەوەی ماوەتەوە، پەیوەندی بە هاتنەوەی ترەمپەوە هەیە بۆ دەسەڵات و شێوازی مامەڵەکردنی ئەمریکا دەبێت لەگەڵ دۆخی سوریای نوێ و دانووستانەکان بۆ چارەسەری ئەم پرسە بەردەوامن.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەمشەو كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لەبارەی مووچەوە ئەنجامدەدرێت و سودانی بڕیاردەدات

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیارە ئەمشەو سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی نێو ئەنجومەنی…
Total
0
Share