بەزەبری چەك ڕێگرییان كردووە.. دوو تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیركران

ڕێگریان له‌ سێ هاوڵاتی‌ كردووە

پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دوو كەس كە به‌زه‌بری‌ چه‌ك ڕێگریان له‌ سێ هاوڵاتی‌ كردبوو به‌مه‌به‌ستی‌ لێسه‌ندنی‌ پاره‌ و مۆبایل، دەستگیركراون.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ گه‌ڕه‌كی‌ سه‌رچناری شاری سلێمانی دوو تۆمه‌تبار ڕێگری له‌ هاوڵاتییه‌ك ده‌كه‌ن‌ و له‌ژێر زه‌بری‌ چه‌كدا بڕێك پاره‌ی‌ لێده‌سه‌نن‌ و دواتر به‌چه‌ك برینداری ده‌كه‌ن، مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتن ده‌گه‌نه‌ شوێنی‌ ڕووداوه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌ستگیركردنیان، به‌ڵام تۆمه‌تباران ته‌قه‌ له‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ی‌ پۆلیس ده‌كه‌ن‌ و پۆلیسێك بریندار ده‌كه‌ن‌ و هه‌ڵدێن.

بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ سه‌رچنار لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌داواداچوونی‌ وردی‌ ده‌ستپێكرد و پاش وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر، توانرا هه‌ردوو تۆمه‌تبار (م.خ.ف.) و (س.ك.ع.) ده‌ستگیربكرێن، ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر چه‌كێكدا له‌ جۆری‌ ده‌مانچه‌ كه‌ به‌ تۆمه‌تباران بووه‌.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، له‌كاتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا تۆمه‌تباران دانیان به‌تاوانه‌كه‌یاندا نا، هه‌روه‌ها دانیان به‌وه‌دا نا كه‌ پێشتریش ڕێگرییان له‌ هاوڵاتییه‌كی‌ دیكه‌ كردووه‌ و به‌زه‌بری‌ چه‌ك بڕێك پاره‌ و موبایله‌كه‌یان لێسه‌ندووه‌، هاوكات ڕێگرییان له‌ هاوڵاتییه‌كی‌ دیكە كردووه‌ و ته‌قه‌یان لێكردوه‌ و به‌چه‌قۆ برینداریان كردووه‌.

هه‌ردوو تۆمه‌تبار به‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر و به‌پێی‌ ماده‌كانی‌ (405) و (230) و (456) و (31) له‌ یاسای‌ سزادان ڕاگیراون‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.

بابەتی پێشتر

دادگای فیدراڵی وادەی تاوتوێكردنی تانەكانی یاسای بودجەی دیاریكرد

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی داوای پەیوەندییەكی گەرمتر لە بەریتانییەكان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share