ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە

تایبەت بە خوێندن و تاقیكردنەوەكانە

بڕیارە ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندن تەنها بۆ قۆناغی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بڕیاری لێدا و ڕاگرتنی خوێندنی لە قۆناغەكانی دیكە درێژكردەوە.

ئەمڕۆ شەممە 16ی كانونی دووەم پڕۆسەی خوێندنی ناو ناوەندەكانی خوێندن تایبەت بە خوێندكارانی 12ی ئامادەیی لە سەرجەم شارەكانی هەرێم دەستپێدەكاتەوە.

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم چوارشەممەی ڕابردوو 13ی كانونی دووەم كۆبوەوە و دوابەدوای كۆبونەوەكەش جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وتی، دوای تاووتوێكردنی پێشنیار و هەڵسەنگاندنەكانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە تایبەت بە دۆخی كۆرۆنا و پلانی خوێندن، بڕیاردرا قۆناغی 12ی ئامادەیی خوێندن لە ڕۆژی شەممە 16ی كانونی دووەم دەستپێبكاتەوە تا ئەوكاتەی لیژنەكە لە 2ی شوباتی داهاتوودا سەرلەنوێ كۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكات.

ئەوەشی وت، خوێندن لە قۆناغەكانی دیكە لە 1ی ئازاری داهاتوو دەستپێدەكاتەوە.

بەپێی بڕیاری لیژنەكە لە گەڕانەوەیاندا بۆ ناوەندەكان خوێندكاران سەرپشك دەكرێن و بۆ ئەوەش وەزارەتی پەروەردە لەمڕۆوە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە لەڕێگەی فۆڕمێكەوە بەخێوكارانیان سەرپشك دەكەن كە ئایا دەستپێكردنەوەی خوێندنەكەیان لەناو پۆل بێت یان بەشێوەی ئەلیكترۆنی، جگە لە كاتی تاقیكردنەوەكان.

بایكۆتی پڕۆسەكە
بە پێچەوانەی بڕیارەكە بەشێك لە مامۆستایان ڕایدەگەیەنن تا 30 ڕۆژ جارێك موچە بەبێ لێبڕین دابەشنەكرێت ئامادەنین بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، هیچ بەهانەیەك نەماوەتەوە بۆ لێبڕینی موچە و دابەشنەكردنی لە 30 ڕۆژدا و دەشڵێت، “بایكۆت پرۆسەیەكی خۆرسكانەی مامۆستایانە”.

دەشڵێت، “دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناكرێ، ڕێگەی دروستی دەستپێكردنەوەی خوێندنێكی ڕاستەقینە جێبەجێكردنی داواڕەواكانی مامۆستایانە”.

ئەنجومەنەكە ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەوەی خوێندنی پەكخستووە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووە و نییە، هۆكاری یەكەمی پەككەوتنی پرۆسەی خوێندن نەتوانی و نەشارەزایی و لێنەهاتوویی بەرپرسانی حكومەت و وەزارەتی پەروەردەیە لە بەڕێوەبردن و چارەسەركردنی كێشەكانی پەروەردە و مامۆستایان.

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممەی خولەکانی ئەوروپا بە کاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share