سبەی كەمتر لە دوو ملیۆن خوێندكار دەست بە خوێندن دەكەن

بڕیارە سبەی پڕۆسەی خوێندن بۆ ساڵی 2021/ 2022 لە هەرێمی كوردستان دەستپێبكات، وەزیری پەروەردە دەڵێت، زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار خوێندکار دەست بە خوێندن دەکەنەوە.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارە سبەی 14ی ئەیلول دەرگای ناوەندەکانی خوێندنی (باخچەی منداڵان، قوتابخانە بنەڕەتییەکان، خوێندنگە ئامادەییەکان و پەیمانگاکان) بكرێنەوە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە پەیامێكدا بەو بۆنەیەوە ڕایگەیاند، زیاتر لە ملیۆنێک و 725 هەزار خوێندکار لە گشت قۆناغەکانی خوێندن هەن، لە کەرتی ناحکومیش زیاتر لە 90 هەزار خوێندکار دەخوێنن، واتە زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار خوێندکار لە ناوەندەکانی خوێندن دەست بە خوێندن دەکەنەوە.

وتیشی، “پێویستە رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکرێت و پێویستە مامۆستایان ڤاکسین وەربگرن بۆ ئەوەی پارێزراوبن و بتوانین ساڵێکی باش و سەقامگیر بەڕێبکەین. لەگەڵ ئەوەشدا رێکارەکانی دیکەی خۆپارێزی لە بەستنی دەمامک لە ناوەندەکانی خوێندن ناچارییە و پێویستە جێبەجێ بکرێت”.

بڕیارە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن بۆ قەرەبووكردنەوە و پێداچوونەوەبێت بە وانەكانی ساڵی ڕابردوو ئالان حەمەسەعید وتی، “ماوەیەکمان داناوە بۆ قەرەبووکردنەوە، قۆناغەکانی (2-3-4-5-6-8 و 9)ی بنەڕەتی لەگەڵ قۆناغی 11ی ئامادەیی سێ هەفتەیان بۆ دانراوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکان ئەو بەشەوانانەی دیاریکردووە کە پێویستە لە ماوەی ئەو سێ هەفتەیە بدرێت بە خوێندکاران”.

پێشتر وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیار و ڕێنماییەكی تایبەت بە دەستپێكردنەوە پڕۆسەی خوێندن دەركرد و تیایدا هاتووە، ماسک پۆشین بۆ ستافی کارگێڕی و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییان لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن، ناچارییە.

لەیەكێكی دیكەی بڕیارەكاندا هاتووە، وەزارەتی پەروەردە لەهەنگاوی یەکەمدا بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی تایبەت بە کۆرۆنا بڕیاردراوە بە دابینکردنی دوو ملیۆن و 500 هەزار ماسک و 50 هەزار پاککەرەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن،

هەروەها داواشدەكات مامۆستایان و خوێندکاران پابەندی خۆ ڤاكسینكردن بن.

بابەتی پێشتر

یەکێتیی ئەوروپا نوێنەری خۆی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕەوانە دەکات

بابەتی دواتر

کامیان مەترسیدارترن داعش یان ئەلقاعیدە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share