بافڵ تاڵەبانی داوادەكات مەرامی حزبی و ناکۆکییە کەسییەکان نەکرێنە پێوەر بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان

هاوسەرۆكی یەكێتی و كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم

هاوسەرۆكی یەكێتی داوادەكات، مەرامی حزبی و ناکۆکییە کەسییەکان نەکرێنە پێوەر بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان و دەربارەی چالاكوانە بەندكراوەكانی بادینانیش دەڵێت، داوامانکردووە پێداچوونەوە بەم بڕیارانە بکرێت

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە پەرۆشی و پشتگیریی یەکێتی بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی ھەر ھەوڵێک کە لایەنەکان لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانی کۆبکاتەوە و ناکۆکی و جیاوازییە سیاسییەکان بخاتە خزمەت بەرژەوەندی گشتی.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی، “یەکێتی دەرگای گفتوگۆی کراوەیە و دەمانەوێت ئاڕاستە و بیرکردنەوەکانمان ھەرچەند لەیەکتر دووربن، بەڵام دواجار ھەمووی بخەینە خزمەت کوردستان”. هەروەك چەندین ھەوڵی یەکێتی بۆ یەکڕیزی نیشتمانی ئاشکراکرد و داوایکرد چیتر مەرامی حزبی و ناکۆکییە کەسییەکان نەکرێنە پێوەر بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان چونکە بەرژەوەندی هەرێم لەسەروو ھەموو ناکۆکییەکانەوەیە.

ئەو وتانەی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەمڕۆ لە دەباشان لەمیانەی پێشوازیكردنیدا بوو لە کلێمێنس زێمتنەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، لەبارەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان و پێكهێنانی ھاوپەیمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی ئەم ھەنگاوەی بەسەرەتای یەکخستنەوەی ماڵی کورد وەسفکرد و جەختیکردەوە، “ئەم ھاوپەیمانییە ڕەھەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەیە و دژی ھیچ ھێز و لایەنێک نییە، بەڵکو دەمانەوێت لەو ڕێگایەوە پێگەی کورد لە بەغداد بەھێزبکەین و مافەکانمان بەدیبهێنین. خواستیشمانە ئەم بەرە نیشتمانییە فراوانتر بکەین”.

ھەر لەدیدارەکەدا لەبارەی ئازادی نووسین و رادەڕبڕین و زیندانیکردنی گەنجەکانی بادینان ھاوسەرۆکی یەكێتی ڕوونیکردەوە، “لەگەڵ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریین و نامانەوێت بەپاساوی سیاسی ڕێڕەوی بڕیارەکان و سەربەخۆیی دادگاکانمان بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ ئەوەش داوامان لە ناوەندە یاسایی و قەزاییەکان کردووە پێداچوونەوە بەم بڕیارانە بکرێت بۆئەوەی نەبینە ھۆکارێک بۆ لەکەدارکردنی ئەزموونی دیموکراتی لە ھەرێمەکەمان”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی خشتەیەكی نوێی دابەشكردنی موچەی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

نەخۆشخانەی منداڵان: زۆربوونی حاڵەتەکانی سکچوون لە منداڵاندا پەیوەندیی بەگۆڕانی وەرزەوە هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share