مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ شاندێكی سەربازیی ئەمریكا بەسەرۆكایەتیی فەریقی یەكەم- كینیت ماكنزی فەرماندەی هێزە ناوەندییەكانی ئەمریكا كۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەكەدا كە ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد ئامادەیبووە، جەختكراوەتەوە لە پێویستیی چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی مەترسیی “تیرۆری هزری و تەكفیری توندڕەو كە هەڕەشەن بۆ ئاسایشی ناوچەكە و سەرتاسەری جیهان”.
تەوەرێكی كۆبوونەوەكە، باسكردن بووە لە ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان بەغداد و واشنتن و كەمكردنەوەی هێزەكانیان لە عێراق و دواتر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا. وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە.
لای خۆیەوە فەریقی یەكەم- كینیت ماكنزی فەرماندەی هێزە ناوەندییەكانی ئەمریكا جەختیكردووەتەوە لەوەی كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، نابێتەهۆی لاوازكردنی پابەندبوونی ئەمریكا بەرامبەر بەو پەیوەندییە ستراتیژییە فراوانترەی لەگەڵ عێراق-دا هەیەتی لە بوارەكانی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی و ئاسایشدا.