گومانی بەركەوتنی كیمیاییان هەیە
هۆكاری ژەهراویبوونی سێ هاوڵاتییەكەی هرورێ یەكلانەبووەتەوە

ئەندامانی یەك خێزانن و پێكدێن لە دایک و باوک و کچێکیان

بەر لە پێنج ڕۆژ، سێ هاوڵاتیی گوندی هرورێ لە سنووری ناحیەی كانی ماسێ، پاش بۆردومانێكی توركیا، تووشی تەنگەنەفەسی بوون، بەرپرسێكی تەندروستیی ناوچەكە دەڵێت، نازانن هۆكارەكەی ماددەی كیمیایی بووە یان دوكەڵی بۆردومانەكە.

ئەمیر عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەو سێ هاوڵاتییەی تووشی تەنگەنەفەسی ببوون بۆ ماوەی ڕۆژێک لە نەخۆشخانەدا چارەسەریان وەرگرتووە و دواتر ڕەوشی تەندروستییان باشبووە و گواستراونەتەوە بۆ ماڵەوە.

لەبارەی هۆكاری تەنگەنەفەسییەكە، بەرپرسەكەی تەندروستیی زاخۆ بە ئێستای وت، “نازانین بەهۆی ماددەی کیمیاییەوە بووە یان دوکەڵی بۆردومانەكە، چونکە ئەو ئامێرانەی پێویستن بۆ دیارکردنی هۆکارەکەی لەبەردەستماندا نین”.

هاوكات سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەو هاوڵاتیانە كە ئەندامانی یەك خێزانن و پێكدێن لە دایک و باوک و کچێکیان، تائێستا هۆکاری تەنگەنەفەسییەكەیان نەزانراوە، بەڵام ئەوەی دیارە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا بووە، کە بەدووریی 100 مەتر نزیکی گوندەکەیانی بۆردومانکردووە.

لەبارەی سەردانکردن و بەدواداچوونی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ڕووداوەكە و چۆنیەتی ژەهراویبوونی ئەو هاوڵاتییانە، هەریەک لە بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ و بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی زاخۆ وتیان، تائێستا لیژنەکە سەردانیان نەکردووە.

ژەهراویبوونی ئەو هاوڵاتییانە لەكاتێكدایە، پێشتر یەپەگە زیاتر لە جارێك دووپاتیكردووەتەوە، توركیا لە بۆردومانەكانیدا چەكی كیمیایی بەرامبەر بە گەریلاكانی بەكاردەهێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی خوێندنی باڵا: بۆ ساڵی نوێی خوێندن داشكاندن لە كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بەردەوامدەبێ

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت، “بۆ ساڵی نوێی خوێندن داشكاندن لە كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بەردەوامدەبێت”. بەپێی…
Total
0
Share