ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بازنەی هەڵبژاردنی یاسای هەڵبژاردنەکان تەواو دەکات

هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فۆتۆ: Google

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنی ژمارە (12)ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی وەرزی نوێی یاسادانان ئەنجامدەدات، لە دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ 13 پرۆژەیاسا دەكرێت كە گرنگترینیان تەواوكردنی بازنەی هەڵبژاردنە لە یاسای هەڵبژادنەكان.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەکەم، کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر تەواوكردنی بازنەی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردنەكان دەدات.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە هەر لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بە ئەندامبونی كۆماری عێراق لە ڕێككەوتننامەی كاری دەریایی بۆ ساڵی 2006 دەدرێت، جگە لەوەش دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بە ئەندامبونی كۆماری عێراق لە ڕێككەوتننامەی ناسنامەی بەڵگەی دەریاوانیی بۆ ساڵی 2003 دەدرێت.

باس لەوەشكراوە كە هەر لە میانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی بۆ یاسای سندوقی پاڵپشتیی بەشە ناوخۆییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی 2012 دەدرێت و هەروەها دەنگ لەسەر پێشنیازە یاسای هەمواری یەكەم بۆ یاسای دەستەی عێراقی بۆ متمانەدان ژمارە (78) بۆ ساڵی 2017 دەدرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، هەر لە میانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای بە ئەندامبوونی كۆماری عێراق لە ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی هێڵی بار و جگە لەوەش خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی كۆماری عێراق لە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ گەڕان و ڕزگاركردنی دەریاوانیی بۆ ساڵی 1979 دەكرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە هەر لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای كۆلێژی هێزی ئاسمانیی دەكرێت و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای بە ئەندامبوونی كۆماری عێراق لە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ ئامادەبوون و بەرپەرچدانەوە و هاوكاری لە گۆڕەپاتی پیسبوونی ڕۆن دەكرێت.

ئاماژە بەوەشدراوە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە (127) بۆ ساڵی 1981، یاسای پەسەندنكردنی كاری عەرەبی ژمارە (10) بۆ ساڵی 1979 دەكرێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە كە لە میانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری یەكەم بۆ یاسای ناوەندی پلاندنانی شارستانیی و هەرێمیی ژمارە (116) بۆ ساڵی 1971 دەكرێت و جگە لەوەیش خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی دەكرێت.

بابەتی پێشتر

بەهۆی ترس لە بڵاوبوونەوەی زۆری کۆرۆنا نەوت 2%ی نرخەکەی لەدەستدا

بابەتی دواتر

ئێران: هەر وڵاتێک ئەم مەرجانەی تێدا نەبێت چەکی پێنافرۆشین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share