فوئاد حسێن: ئەنجومەنی ئاسایش بە بڕیارێک تورکیا ناچار بە جێهێشتنی خاکی عێراق بکات

وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت تۆپبارانەکەی تورکیا بۆ سەر گوندی پەرخ ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی عێراق بووە و ئەو لێدوانانەی دەیدەن تەنها بۆ میدیاکانە.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایش لە لێدوانیدا سەبارەت بە هێرشەکەی تورکیا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد تورکیا خاکی عێراق بەجێبهێڵێت، هۆشداریشیدا لە “بەردەوامیی مامەڵە دوژمنکارییەکانی تورکیا”.

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاند، “ئەوەی تورکیا سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان باسی لێوەدەکات ئێمە تەنها لە میدیاکان گوێمان لێبووە و تورکیا بەهیچ شێوەیەکی بەفەرمی داوای بەشداریکردنی لە لێکۆڵینەوەی هێرشەکەی پەرخ نەکردووە”.

وتی، “ئێمە ئامادەین لێکۆڵینەوەی هاوبەشمان هەبێت”.

فوئاد حسێن، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد ئەرکەکانی جێبەجێبکات لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی وڵاتان، جەختی لە گرنگیی بڕیارێکی ئەنجومەنەکە کردەوە کە تورکیا ناچاربکات بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی لە سەرتاسەری خاکی عێراق.

وتیشی، “تورکیا هێرشەکانی بە بیانووی بێبنەما و پرسێکی ناوخۆیی وڵاتەکەی گرێداوە” جەختیکردەوە، “عێراق پەیوەستدەبێت بە گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و دووبارە نەبوونەوەیان”.

فوئاد حسێن لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، “مامەڵەکانی تورکیا دوژمنکارییە بەرامبەر خاک و سەروەری و هاوڵاتییانی عێراقی”.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، “هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر پەرخ کە نۆ هاوڵاتی شەهیدبوون و 33ی دیکە برینداربوون تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق بەڵکو مەترسییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە”.

وتی، “لە ناو خاکی عێراق زیاتر لە 100 بنکە و چوار هەزار سەربازیان هەیە”.

ڕایگەیاند، “دەستێوەردانی تورکیا و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پەکەکە، کارێکی نایاساییە، چونکە یەکناگرێتەوە لەگەڵ ڕێککەوتنی هەردوو وڵات کە نابێت تورکیا سنووری عێراق ببەزێنێت، بەڵا ئێستا تورکیا لە خاکی عێراقدایە بەبیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە”.

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا 14 ئەندامی ئەنجومەنەکە کە وڵاتە زلهێزەکانی تێدابوو سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیایان کرد و داوای ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراقیان کرد.

ئەو وڵاتانەی سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیایان کرد، “بەریتانیا، فەرەنسا، ڕوسیا، چین، هیندستان، ئیمارات، مەکسیک، گانا، ئێرلەندا، نەرویج، گابوون، ئەلبانیا، بەرازیل و کینیا”.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە سەرکۆنەکردنی تورکیا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، “ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سەرکۆنەکردنی تورکیا سەبارەت بە هێرشەکانی پەرخ یەکەم جارە و پێشتر هاوشێوەی نەبووە کە ئەنجومەنەکە پاڵپشتیی عێراق بکات سەبارەت بەو زنجیرە هێرشە بەرەدوامانەی تورکیا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەمان ئەنجامیداوە”.

بابەتی پێشتر

هەولێر.. لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل کەسێک کوژرا

بابەتی دواتر

دوو چالاکوانی بەشدار لە گردبوونەوەکەی هەولێر دژی تورکیا ماوەی چوار ڕۆژە بێ هەواڵن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share