پەرلەمانتاران ڕەخنە لە دواخستنەكانی دادگاییكردنی زیندانیكراوانی بادینان دەگرن

ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان ڕایدەگەیەنن، دواخستنی دانیشتنی دادگاییكردنی زیندانیكراوانی بادینان پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی دەستگیرکراوانە و زنجیرەیەکی تری ستەمە بەرامبەریان، دەشڵێن، ئاسایش ڕێگەی پێنەداون ئەمڕۆ دەستگیركراوەكان ببینن.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاجیاكانی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای نیگەرانیان لە دواخستنی دانیشتنی دادگاییكردنی زیندانیكراوانی بادینان ئاماژەشیان بەوەكردووە، “داوا دەکەین سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەو نوێنەرەی خۆی لە دادگای 2ی تاوانەكانی هەولێر بگۆڕێت و نوێنەرێکی تر دەستنیشان بکات، کە بتوانێت بە ئەرکە یاساییەکانی هەستێت.”

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕایگشتی

ئەمڕۆ، دانیشتنی دووەمی پێنج چالاکەوان و ئازادیخوازی سنوری پارێزگای دهۆک، لەسەر پێشنیاری نوێنەری داواکاری گشتی لە دادگاییەکە دواخرا بۆ 6ی 10ی 2021، ئەگەرچی داواکارییەکەو دواخستنی دادگاییەکە بەرگێکی یاسایی هەیە، بەڵام پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی دەستگیرکراوانەو زنجیرەیەکی تری ستەمە بەرانبەریان، چونکە نوێنەری داواکاری گشتی ئەندامی هەمیشەیی دادگای 2ی تاوانەکانی هەولێرە و پێشتر دۆسیەی ئازادیخوازانی ڕاگیراوی چووەتە بەردەست و دەبوو خۆی بۆ دادگاییەکە ئامادە بکات و وردبینی خۆی بکات، بەڵام بەداخەوە زۆر بە ئاسانی پێشنیاری دواخستنەکەی لەلایەن دادگاوە پەسەندکرا، بەمەش دۆخی خراپی دەروونی و جەستەیی دەستگیرکراوان پێ دەنێتە ساڵێکی تەواوو هێشتا چارەنووسیان نادیارە لە کاتێکدا ئێمەو هەموو ئازادیخوازی هەرێم چاوەڕێی کۆتایهێنانی ئەم ستەمەین.

هەر بۆیە لێرەوە داوا دەکەین سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەو نوێنەرەی خۆی لە دادگای ناوبراو بگۆڕێت و نوێنەرێکی تر دەستنیشان بکات کە بتوانێت بە ئەرکە یاساییەکانی هەستێت.

هەروەها دەمانەوێت بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە کە هەر ئەمڕۆ بەمەبەستی بینینی دەستگیرکراوان سەردانی ئاسایشی گشتی هەولێرمان کرد، بەڵام بە پاساوی نەبوونی تەنسیق ڕێگەیان نەدا ئەو دەستگیرکراوانە ببینین کە یەک ساڵی تەواویشە ڕێگە بە کەس و کاریان نادرێت بە پێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم کەس و کاریان بیان بینێت.

ئێمە کە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆسیە و شاهید و وتەی دەستگیرکراوانین، پێمان وایە ئازادیخوازو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی پارێزگای دهۆک بێتاوانن و هیچ بەڵگەیەک نیە کە هیچ تۆمەتێکیان لەسەر ساغ بکاتەوەو دەستگیرکردنەکە هەر لە قۆناغی تۆمەتبارکردن تا دادگاییکردن پێشێلکارییە بەرانبەر بە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و پێچەوانەی ئازادی و ئازادی بیروڕایە.

لەگەڵ ڕێز

ئەندامانی پەرلەمان

١- شیرین ئەمین.

٢- مژدە مەحمود.

٣- هەڵز ئەحمەد.

٤- د.شایان کاکە ساڵح.

٥- سیپان ئامێدی.

٦- عومەر گوڵپی.

8ی 9ی 2021

هەولێر

بابەتی پێشتر

هاوپەیمانان لەبارەی هاوكارییە سەربازییەكان بۆ پێشمەرگە: هێشتا سەرەتایە

بابەتی دواتر

لەبەرژەوەندیی هەرێم و فەرمانگەكانە<br> هۆشیار عەبدوڵڵا: هەرێم ڕێگرە لە گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانگە فیدراڵییەكان بۆ بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share