ئێران ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی قەڵادزێ دەگرێتەوە

بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە، ئاستی ئاوەکە بۆ نزمترین ئاستی دابەزیووە و بەهۆیەوە کێشەی بۆ ئاوی خواردنەوەی ماڵان لە قەڵادزێ دروستکردووە.

بەکر بایز، قائیمقامی قەزای پشدەر، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووکەوە کەمێک کێشە بۆ ئاوی خواردنەوەی ماڵان لە قەڵادزێ دروستبووە، بەڵام هەوڵدراوە لە سەرچاوەی دیکەوە قەرەبووی ئەو کەمئاوییە بکرێتەوە.”

وتیشی، “گرتنەوەی ئاوەکە بەبێ هیچ هەماهەنگییەک بووە و هیچ بە ئێمە نەوتراوە تا ئامادەکاری بۆ ئەو کەمئاوییە بکەین”.

هاوکات محەمەد حەسەن، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بەشێکی زۆری ماڵان لە قەڵادزێ ئەمڕۆ ئاویان نەدراوەتێ و ئەگەر سبەی ئێران ئاوەکە بەرنەداتەوە، ئەوا کێشە بۆ ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ دروست دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک تەنها زیان لە ئاوی خواردنەوە نادات، بەڵکو کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سامانی ماسی لە ڕووبارەکە و حەوزەکانی ماسی دەبێت، هاوکات زیان بە کشتوکاڵی ئەو ناوچەیەش دەگەیەنێت”.

شاری قەڵادزێ ئاوی خواردنەوەی لەلایەن “پڕۆژەی خاس” بۆ دابینکراوە و هیچ سەرچاوەیەکی بەهێزی دیکەی ئاوی خواردنەوەی نییە.

زێی بچووک بەدرێژایی 400 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە نزیک شاری سەردەشتەوە بەرەو باشووری کوردستان دێت و لە شاری سەردەشت حکومەتی ئێران بەنداوێکی لەسەر دروستکردووە، کە لەکاتی گرتنەوەیدا کاریگەریی لەسەر ڕێژەی ئاوی هاتوو بۆ باشووری كوردستان دەبێت.

بابەتی پێشتر

كەیسەكەی "گۆڤەند" ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانی هێنایە دەنگ

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ.. لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکان ژن و پیاوێک لە قەزای خەبات بریندار بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share