بافڵ تاڵەبانی: دەمەوێت لە پارتی ببەمەوە و لەگەڵ گۆڕانیش یەكبگرینەوە

بافڵ تاڵەبانی ویستی خۆی بۆ یەكگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان نیشاندەدات، ناشیشارێتەوە دەیەوێت كێبڕكێی بوونە حزبی یەكەمی هەرێمی كوردستان لە پارتی بباتەوە، لەبارەی چاكسازییەكانیشەوە دەڵێت،  “ستۆپەكە توند بوو، بەڵام پێویست بوو”.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان، هۆكارەكانی دەستبردن بۆ گۆڕانكاری و چاكسازییەكان و ڕاگرتنی زیادەڕۆیی و دەرچوون لە ڕێكارەكانی حزبایەتی و یاساشكێنییەكانی لاهور شێخ جەنگی ڕوونكردەوە.

لەسەرەتای چاوپێكەوتنەكە، بافڵ تاڵەبانی باسی لە پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی كرد، ڕایگەیاند، یەكێتی باوەڕی بە یەكڕیزیی كورد و هەرێمی كوردستانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ پارتیدا لە كیبڕكێدان، “ئەوەش شتێكی ئاساییە”.

هاوسەرۆكی یەكێتی نەیشاردەوە كە دەیەوێت حزبەكەی ببێتە ژمارە یەك لە هەرێمی كوردستان و زۆرترین دەنگی هەبێت، “پارتی نیگەران نەبێت، دەمەوێت ببین بە حزبی ژمارە یەك، دەمەوێت لێیان ببەمەوە”، لەگەڵ دووپاتكردنەوەی باوەڕی خۆی و حزبەكەی بە كیبڕكێیەكی “جەنتڵمانانە”.

بۆ بوونیش بە حزبی ژمارە یەك، بافڵ تاڵەبانی وتی، “پێموانییە بە جنێو و فەیسبووك ببینە حزبی ژمارە یەك، بەڵكو بە خزمەتكردنی خەڵك و نەهێشتنی گەندەڵی دەبینە حزبی ژمارە یەك”.

هاوسەرۆكی یەكێتی لەبارەی گۆڕانكاری و چاكسازییەكانیشەوە قسەیكرد، سووربوونی لەسەر بەردەوامیی چاكسازییەكان كردەوە، وتی، “حەزدەكەم لە هەشتی تەمموزەوە یەكێتی بخەنە ژێر تاقیكردنەوەوە و دڵنیام مانگ بە مانگ سەركەوتووتر دەبین لەو تاقیكردنەوەیەدا”.

بافڵ تاڵەبانی هەنگاوەكانی هەشتی تەمموز و دواتری ناونا “هەڵوەشاندنەوەی كودەتا”، وتی، چەند ساڵێكە كودەتا كراوە لەناو یەكێتیدا، “لاهور دەزگا ئەمنییەكانی بەكارهێناوە بۆ ئەو كودەتایەی ئێمە هەڵمانوەشاندەوە”، “بەڕاددەیەك لە بنەماكانی مام جەلال و سۆسیال دیموكرات دووركەوتبووینەوە، خەڵك و منیش ئەم حزبەمان نەدەناسییەوە، بەش هەبووە لە دەزگای زانیاریدا كاری لەسەر ئەخلاقی خەڵك كردووە”.

لەبارەی خراپبەكارهێنانی سۆشیال میدیاش، ڕوو لە یەكێك لە میدیاكارەكان وتی، “دەزانیت لە هەشتی مانگەوە یەك جنێو بە كوڕەكانی كاك نەوشیروان نەدراوە؟!”.

بۆیە هاوسەرۆكی یەكێتی لەبارەی گرنگیی ئەنجامدانی چاكسازییەكانەوە بە ڕوونی وتی، “ستۆپەكە توند بوو، بەڵام پێویست بوو”، ڕاشیگەیاند، “یەك پیاوماقوڵ، یەك بزنسمان و هونەرمەند بەرگرییان لەو هەڤاڵانەی دیكە نەكردووە”.

لەبارەی گفتوگۆكانی نێوانیشیان بۆ گەیشتن بە چارەسەر، وتی، كۆبوونەوەی زۆر كراوە، بەڵام دانیشتنەكان ئەنجامی باشی نەبووە، بەڕوونی ڕایگەیاند، “تەواو بووە”.

بافڵ تاڵەبانی دووبارە ژەهرخواردكردنی دووپاتكردەوە، وتی، “بەڵگە و دانپێدانانم لایە، بەڵام جارێكە لە تاوتوێكردنی ئەوەدام بدرێت بە دادگا؟ وە لە كوێ بدرێت بە دادگا، لە كوردستان، یان لە وڵاتێكی تر؟”.

هەوڵی ژەهرخواردنەكەشی بە “خیانەت لە یەكێتی، ڕێبازی مام جەلال و خەڵكی كوردستان” ناوبرد.

هاوسەرۆكی یەكێتی لەبارەی پەیوەندیی حزبەكەی و بزوتنەوەی گۆڕانیش قسەی كرد، نەیشاردەوە كە حەزدەكات پەیوەندیی یەكێتی و گۆڕان تەنها بۆ ئەم هەڵبژاردنە نەبێت، بەڵكو نزیكتر بكەونەوە و بگاتە یەكگرتنەوە، “خواستی یەكگرتنەوە لای من هەیە و زۆریش حەزدەكەم”، وتیشی، “نابێت لەبیرمان بچێت بۆچی سیاسەت دەكەین، ئێمە سیاسەت دەكەین بۆ خزمەتی خەڵك، دەی با ئەوە بكەین”.

بابەتی پێشتر

سزاکانی ئەمریکا تۆڕەکانی هەواڵگریی ئێرانی دژی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە کردە ئامانج

بابەتی دواتر

سه‌در نەجەف بە چەكدارەكانی پاكدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

زانكۆی گەرمیانیش دەوامی ڕاگرت

زانكۆی گەرمیان بڕیاری دا دەوامی سبەی لە زانكۆكە ڕابگرێت. ئەنجومەنی زانكۆی گەرمیان بڵاویكردەوە، بەمەبەستی پاراستنی گیانی خوێندکاران و…
Total
0
Share