یونیسێف: بەمشێوەیە منداڵەكانتان بنێرنەوە بۆ قوتابخانە

ڕێكخراوی یونیسێف كە تایبەتە بە منداڵان و سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە، چەند ڕێنماییەكی بۆ دایكان و باوكان بڵاوكردووەتەوە بۆ ئەوەی دوای نزیكەی دوو ساڵ لە خوێندنی ئۆنلاین، بتوانن منداڵەكانیان لەسەر چوونەوە قوتابخانە ڕابهێنن.

بەگوێرەی ئەو بابەتەی بڵاوكراوەتەوە، منداڵان لەكاتی كەرەنتینەدا زۆربەی كاتەكانیان لە ماڵەوە و لەگەڵ دایكان و باوكانیاندا بەسەربردوون، بۆیە لەسەر ئەو شێوازەی ژیانكردنی ڕاهاتوون و گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانە و خوێندنی ناوپۆل ئاسان نابێت.

ڕێكخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، “لەكاتی چوونەوە قوتابخانە، منداڵان دووچاری هەندێك گرفتی دەروونی دەبن، ئەوان ترسیان هەیە لەوەی جارێكی تر بچنەوە ناوپۆلەكانیان و نیگەرانن سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی ئەو پرۆسەیە.

یونیسێف ڕێنمایی دایكان و باوكان دەكات بۆ چۆنێتیی مامەڵكردن لەگەڵ منداڵەكانیان لەو قۆناغەدا و دەڵێت، “پێویستە دایكان و باوكان بەهێمنییەوە مامەڵەبكەن و دانبەخۆیاندا بگرن، بۆ ئەوەی منداڵەكانیان هەست بە ئارامی بكەن، پێویستە ڕوونكردنەوەیان پێبدەن و بە كورتی و ڕوونی ئەوەیان تێبگەیەنن كە چوونەوە بۆ قوتابخانە مایەی ترس نییە”.

ڕێكخراوەكە ڕوونكردنەوەی زیاتر لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو و ڕایدەگەیەنێت، دەبێت چەند ڕۆژێك بەر لە دەستپێكردنی خوێندنی ناوپۆل، منداڵان لەوە ئاگاداربكرێنەوە و لەكاتی ناردنەوەیاندا پێویستە بە ئەرێنی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و دڵنیابكرێنەوە لەوەی كە دەوامی قوتابخانە كاتییە و ئەو واتە منداڵەكە دووبارە دەگەڕێتەوە ماڵەوە.

ئاماژەی بۆ گرنگیی ئەوەش كردووە كە پێویستە منداڵ تێبگەیەندرێت لەوەی مەرجنییە خێرا لەگەڵ هەموو ڕۆتینەكانی قوتابخانەدا خۆی بگونجێنێت، بەڵكو دەكرێت لەسەرخۆ مامەڵە بكات و كاتی خۆش لەگەڵ هاوڕێكانیدا بەسەرببات.

وەك یونیسێف دەڵێت، “پێویستە لە یەكەم ڕۆژی ناردنەوەی منداڵ بۆ قوتابخانە، دایك و باوكی بە گەرموگوڕییەوە بەڕێیبكەن و بەشێوەیەكی ئەرێنی ماڵئاوایی لێبكەن”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران دەکات

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات ئەو رێککەوتنی لێکتێگەیشتنە جێبەجێبکرێت کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ…
Total
0
Share