دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، نزیكەی 60 كۆچبەری كوردی خەڵكی باشووری كوردستان پاش دەستگیركردنیان، لەلایەن توركیاوە ڕادەستی گروپە چەكدارەكان لە سوریا كراون.
ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، نزیكەی 60 كۆچبەری كورد، كە بەنیازبوون لە ئیزمیرەوە بۆ یۆنان بپەڕنەوە، لەلایەن پۆلیس و جەندرمەی توركییەوە دەستگیركراون و گوازراونەتەوە بۆ گازی عەنتاب و لە یەكێك لە كەمپەكانی ئەوێ ماوەی نزیكەی 10 ڕۆژ هێشتویاننەتەوە.
وتیشی، “ئەمڕۆ ئەو كۆچبەرانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە ڕادەستی گروپە چەكدارەكانی سوریا كراون، كە ئەو گروپانەی سەر بە خودی توركیان”.
ساڵانی 2017 و 2018 ژمارەیەك كۆچبەری دیكەی باشووری كوردستان لەلایەن هێزەكانی توركیاوە ڕادەستی ئەو گروپانە كران، ئاری جەلال دەڵێت، هەوڵەكانمان دەستپێكردووە بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئەو كۆچبەران وەریانبگرینەوە و ڕادەستی كەسوكاریان بكەینەوە.
كۆچبەرەكان سەرجەمیان سەڵتن، ژن و منداڵیان لەگەڵدا نییە، وەك ئەوەی سەرۆكی دەزگای لوتكە باسیكرد و وتی، “خەڵكی سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری و هەولێریان تێدایە”.
ئاری جەلال لەگەڵ كۆچبەرەكان قسەی كردووە و داوای كۆی ناوەكانیانی كردووە، تا كەسوكاریان لە چارەنووسیان ئاگاداربكاتەوە.