تەندەری پاركی هەواری شار دواكەوت
دوای سێ مانگ ئاودانی سەوزاییەكانی سلێمانی دەستیپێكرد

بەشێك لە بلواری شەقامەكانی سلێمانی

لەمڕۆوە ئاودانی بلواری شەقامەكانی بازنەیی مەلیك مەحمود و شەقامی سەرەكیی سلێمانی – تاسڵوجە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، تەندەری ئاودانی پاركی هەواری شار دواكەوتووە.

ئاكۆ عەلی، جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پرۆژەی ئاودانی باخچە و نەمامەكانی بلواری شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و شەقامی سلێمانی – تاسڵوجە لەمڕۆوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

وتیشی، “دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی پارەی پرۆژەكە دا و وەزارەتی دارایی بودجەی بۆ تەرخانكرد، تەندەر بۆ ئاودانی بلواری شەقامەكان و پاركی هەواری شار ڕاگەیەندرا”.

“تەندەری پڕۆژەی ئاودانی باخچەكانی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و شەقامی سلێمانی تاسڵوجە بۆ دوو كۆمپانیا دەرچوون، دوێنێ بۆیان نێردرا و ئەمڕۆ لەلایەن شارەوانیی سلێمانییەوە دەستبەكاربوونیان بۆكرا”، وەك ئەوەی ئاكۆ عەلی ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی وت، گرێبەستەكە بۆ ماوەی ساڵێكە و لەمڕۆوە لەبواری جێبەجێكردندایە.

دەربارەی پرۆژەی ئاودانی پاركی هەواری شار، جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی وتی، لە قۆناغی یەكەمدا تەندەرەكە بۆ هیچ كۆمپانیایەك دەرنەچوو، لە دووەمیشدا تەنها دوو كۆمپانیا بەشداربوون و ئێستا یەكلاكردنەوەی تەندەرەكە لە تاوتوێكردندایە و پارێزگای سلێمانی بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدات.

لە 1ی حوزەیرانی ڕابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی فەرمی ڕەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی بڕی (چوار ملیار و 527 ملیۆن دینار) بۆ بلوار و باخچەكانی سلێمانی تەرخانكرد، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی ڕەزامەندی دارایی لەسەر بڕیارەكە و دواتریش پڕۆسەی تەندەرین، كەوتنە بواری جێبەجێكردنییەوە تا ئەمڕۆ دواكەوتن.

ئەمەش لەكاتێكدایە لە پایزی ساڵی 2020ــەوە بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكان و شارەوانیی سلێمانی داوای ڕەزامەندییان لە حكومەت كردووە بۆ بەكرێگرتنی تانكەری ئاودانی باخچە و بلوارەكانی سلێمانی، بەڵام وەڵامدانەوەی حكومەت بۆ داواكارییەكە كەوتە مانگی حوزەیران.

بابەتی پێشتر

بەرشلۆنە و ئەتلەتیکۆ تاوتوێی ئاڵوگۆڕێکی گەورە دەکەن

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێك: زیاتر لە 200 بەنزینخانە بەبێ مۆڵەتی فەرمی کاردەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share