قوباد تاڵەبانی سهرۆكى هاوپەیمانی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان کۆبووەوە و ڕایگەیاند، “هاوپەیمانی کوردستان بەدیهێنانی خەونی مام جەلال و کاک نەوشیروانە و پێویستە هەمووان کاربکەین بۆ سەرخستنی هاوپەیمانێتییەکە، لەپێناو بەدیهێنانی خواست و مافەکانی گەلی کوردستان و خزمەتی ھاوڵاتییان”.
ئەمڕۆ شهممه 28ى ئاب، قوباد تاڵەبانی سهرۆكى هاوپەیمانیی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان له شارى سلێمانى کۆبووەوە.
بهگوێرهی ڕاگهیهندراوى نووسینگهى قوباد تاڵهبانى، كۆبوونهوهكه بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئاسۆ رەحیم و دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر و کاندیدەکانی سلێمانیى هاوپەیمانی کوردستان بهڕێوهچووه، تیایدا سهرۆكی هاوپهیمانییەكە ئاماژەی بە گرنگیی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری دا و جەختی کردەوە كه “خواستەکانی هاوڵاتییان بە ئێمەی یەکێتی و گۆڕان دێنەدی، بۆیە دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانى”.
قوباڵد تاڵهبانى داواشی لە بەرپرسانی حکومی کرد، سەرەڕای ئەرکەکانیان لە کاری حکومی کە خزمەتکردنی هاوڵاتییانە، هاوکار بن لەگەڵ هاوپهیمانی كوردستان و کاندیدەکانى و کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی هاوپەیمانی کوردستان، چونكه وهك وتى، “بەشێکی زۆری گرفت و کەموکوڕییەکانی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنیان لە بەغدایە، بەتایبەت پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران”.
سهبارهت به پێویستیی پێكهێنانى ئهو هاوپهیمانێتییته لهنێوان یهكێتى و گۆڕان-دا، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگداین و ئەم هاوپەیمانێتییەش دوایین خەون و دیدی خوالێخۆشبووان مام جەلال و کاک نەوشیروانە، بۆیە دەبێت هەمووان هەوڵی سەرخستنی بدەین و ئەو خەونە گەورەیەش بەدیبهێنین”.