ژمارەی ئەمریکییە کوژراوەکانی فڕۆکەخانەی کابول گەیشتە 13 سەرباز

سەربازە ئەمریکییەکان لە دەرگای چوونە ژورەوەی فڕۆکەخانەی کابول

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆتا ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە زیانەکانیان لە دوو تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی کابول ئاشکرایکردووە، تا ئێستا 13 ئەمریکی لە تەقینەوەکاندا کوژراون و 18ی دیکە بریندار بوون.

بەهۆی تەقینەوەکانی دوێنێوە لە فڕۆکەخانەی کابول تا ئێستا 90 کەس کوژراون و 150 کەسی دیکە بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

دوای تەقینەوەکە ڕێکخراوی چەکداری داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی لە ئەستۆگرت و ئەوەش نیگەرانییەکی تازەی بۆ ئەوروپا و ئەمریکا دروستکرد، کە بوونی داعشە لە ئەفغانستانی سەردەمی تاڵیباندا.

لەسەر ئەو پرسە جۆبایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە، “تا ئێستا بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە نیشانی بدات داعش و تاڵیبان پەیوەندیان هەبووە لەو تەقینەوەدا، بەڵام زانیاریمان هەیە کە چ کەسانێک دەستیان لە تەقینەوەکاندا هەبووە و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەین.”

سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان بایدن ڕایگەیاند، “بە دووری دەزانم تەقینەوەکان سەراپای ئەفغانستان بگرێتەوە، بەڵام دەبێت لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا چاودێری جوڵەکانی داعش بکرێت.”

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، ئەوان بە تاڵیبانیان وتووە بە سودی ئەوانە ڕێگری لە داعش بگرن لە وڵاتەکەیان گەورە نەبێت، هەروەها بە چەکدارانی تاڵیبان وتراوە باشتر ئاگاداری ئەمنیەتی فڕۆکەخانەی کابول بن، چونکە تا زوو ئەمریکا بچێتە دەرەوە لە سودی ئەوان دەبێت.

لەگەڵ ئەوەی ماوەی سێ ڕۆژە ئەمریکا هۆشداری دەدات لە بوونی تەقینەوە لە فڕۆکەخانەی کابول، دوێنێ لە دوو تەقینەوەدا 90 کەس کوژران.

بابەتی پێشتر

لە ماوەی دوو ڕۆژدا سێ کەس لە هەولێر و دهۆک کوژراون

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەری ناحیەیەک بە کۆرۆنا گیانی لە دەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
17
Share