شارێك لەژێر شاردا
“میترۆی حەماس” چییە و ئیسرائیل چۆن باسیدەكات؟

یەكێك لە تونێلەكانی حەماس

“میترۆی حەماس”، یان تۆڕی تونێلی غەزە، ڕێڕەوێكی نهێنی، یان شارێكە لەژێر شاردا، ئیسرائیل بە “چەكی ستراتیژیی حەماس” لە غەززە ناویدەبات.

تونێلەكە لە غەززە تەنها بۆ هێرشكردن و حەشاردان بەكارناهێنرێت، بەڵكو سەرچاوە سەربازییەكانی ئیسرائیل دەڵێن، بزوتنەوەی حەماس لەو تونێلەدا، كە لەژێر شاری غەززە هەڵیكەندووە، هەموو پێداویستییەكانی عەمبار دەكات لە خواردن و خواردنەوە و چەك و كەلوپەلی سەربازی.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، ئەو تونێلانە حەشارگەی سەرەكیی بزوتنەوەی حەماس-ن، كە بەكاردەهێنرێت بۆ هەڵگرتنی موشەك و كۆنتڕۆڵكی سەكۆ موشەكییەكان و گواستنەوەیان لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە بەژێر زەویدا و بەخێراییەكی زۆر.

كۆماندۆسی حەماس
سەرچاوەكان باس لەوەشدەكەن، تیمێكی تایبەتی حەماس لە كۆماندۆسی دەریایی و هێزی وشكانی، ڕاهێنانیان پێكراوە بۆ لێدان لە سوپای ئیسرائیل و بەدیلگرتنی سەربازانی و بەئامانجگرتنی هێزەكانی لەكاتی هەر پێشڕەوییەكی وشكانیی ئیسرائیل، كە ڕوبەڕووی غەززە ببێتەوە، جگە لە بۆمبڕێژكردنی ڕێڕەوی تانك یان هێزە پیادەكان.

سەرچاوە سەربازییەكان ڕونیدەكەنەوە، ئەم تونێلە، كە لە باكووری غەززەوە تا باشووری درێژدەبێتەوە، لەلایەن هێزێكی هەڵبژێردراوی حەماس بەكارهێنراوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەناكاو دژ بە ئیسرائیل لە وشكانی و دەریادا، یان بۆ ئاراستەكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەشێوەی چاوەڕواننەكراو لەڕێی دەروازەكانی تونێلەكەوە، تا فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیل و فڕۆكەكانی دیكەی نەتوانن هیچ كارێكی سەربازیی حەماس بەئامانج بگرن.

پوچەڵكردنەوەی كردەوەی چۆنایەتی
لەمیانەی ڕۆژانی یەكەمی ڕوبەڕوبوونەوەكانی ئەمجارە، دوای ئەوەی حەماس موشەكەكانی ئاراستەی قودس و تەلئەبیب كرد، ئیسرائیل لەڕێی فێڵی پەلاماری دەریایی، هێرشی بۆسەر تۆڕی تونێلی حەماس ئەنجامدا، سەرچاوە سەربازییە ئیسرائیلییەكان دوپاتیدەكەنەوە، كە لە قۆناغی یەكەمدا سەركەوتوو بوون لە تێكدانی مەترسیدارترین تۆڕی تونێلەكە، كە لە باكووری كەرتی غەززەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی درێژدەبێتەوە، بەمەش كردەوە چۆنایەتییەكانی لە وشكانی و دەریاوە پوچەڵكردووەتەوە.

لێدان لە تۆڕی تونێل
سەرچاوەكان باس لەوەشدەكەن، ئیسرائیل درێژەی بە لێدانی تۆڕی تونێلەكە داوە لە سەرجەم ناوچەكانی غەززە تا (حەی ڕومال) و لەوێشەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری شارەكە، كە بەپێی زانیارییەكان، ئیسرائیل تائێستا توانیویەتی نزیكەی 100 كیلۆمەتری ئەم تونێلە لەناوببات، كە دەرگا و دەروازەی لە ماڵی چالاكوانان و سەركردەكانی حەماس و لەنێو مزگەوت و كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون و شوێنی دیكەدا هەیە.

میترۆی حەماس
تۆڕی تونێلەكە، كە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە “میترۆی حەماس” ناودەبرێت، تا سەرەتای ئەم ڕوبەڕوبوونەوەیەی ئێستا، یەكێك بوو لە نهێنییەكانی حەماس، كە بزوتنەوەكە سووربوو لەسەر ئاشكرانەكردنی وردەكارییەكەی بۆ ڕای گشتی، لەترسی دەستكەوتنی زانیارییەكانی لەلایەن ئیسرائیلەوە.

یەكێك لەو تونێلانەی ئیسرائیل دەڵێت لەناویبردووە

شارەزاییەكانی ئێران و حزبوڵا
بەپێی سەرچاوەكان، بزوتنەوەی حەماس پشتی بە تەكنیكی ئێران بەستووە بۆ هەڵكەندنی تونێلەكە و سوودیشی لە ئەزموونی حزبوڵا وەرگرتووە، ئامێر و كەلوپەلەكان لەژێر سەرپەرشتیی شارەزایانی ئێران و حزبوڵا كاری پێكراوە، كە پێشتر تونێلی هاوشێوەیان لە لوبنان و ئێران دروستكردووە، ئەوەی ئێران بەمەبەستی خزمەتكردن بووە بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

شارێك لەژێر شاردا
حەماس لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا سەدان ملیۆن دۆلاری خەرجكردووە بۆ دروستكردنی ئەم تونێلانە، لە ساڵی 2014 بەشێوەیەكی بەرچاو پێشیخستووە پشتبەست بە ڕوبەڕوبوونەوەكانی پێشووی، لەسەر ئەو بنەمایە حەماس گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی پێویستە هاوسەنگییەك دروستبكات لەنێوان توانا تەكنەلۆجی و سەربازییەكانی ئیسرائیل و توانا سنووردارەكانی خۆی، بۆیە بڕیاریدا بە دروستكردنی شارێك لەژێر زەویدا بۆ غافڵگیركردنی دوژمن و دامودەزگاكانی لە وشكانی و دەریادا، ئەوەیش بە دەركەوتنی لەناكاوی ئەندامانی كۆماندۆس، یان ژێرئاوگەڕێكی بچوكی پڕ لە تەقینەوە ئاراستەی كەشتییەكانی ئیسرائیل دەكەن لە دەرگاكانی میترۆكەوە كە گەیشتووەتە بەندەری غەززە و ئەو بینایانەی لەسەر كەناراوەكانن.

ئیسرائیل دەڵێت، “میترۆی حەماس” درێژییەكەی نزیكەی 150 كیلۆمەترە، پێیوایە وێرانكردنی ئەم تۆڕی میترۆیە، یان بەشێكی زۆری، دەستكەوتێكی گەورەیە، بەتایبەت دوای موشەكە ئاراستەكراوەكان بۆسەر تەلئەبیب، حەماس نەیتوانیوە هیچ دەستكەوتێكی تر بەدەستبهێنێت بەهۆی ڕێگرییەكانی ئیسرائیلەوە، وەك ئەوەی سەرچاوە سەربازییەكان ئاماژەی پێدەدەن.

س: ئیلاف

بابەتی پێشتر

مانشێتی ئەمڕۆ، پێنجشەممەی ڕۆژنامە وەرزشییەکانی ئەوروپا

بابەتی دواتر

لە كەركوك ژمارەیەك حەشارگە و تونێلی چەكدارانی داعش تەقێندرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share