لە موسڵ چەند توشبوویەكی كۆرۆنا تووشی كەڕووی ڕەش بوون

چەند حاڵەتێكی دیكەی كەڕووی ڕەش لە نەخۆشخانەكانی موسڵ تۆماركراون، كە توشبووی كۆرۆنان و بەوتەی پزیشكێكیش دۆخی تەندروستییان خراپە.

میدیا عێراقییەكان لەزاری سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا بڵاویانكردەوە، “چەند حاڵەتێكی دیکەی نەخۆشیی کەڕووی ڕەش لە موسڵ تۆماركراون، بە تایبەت لەنێو توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

نیگەرانیی ئەوەشیان پیشانداوە كە “چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانەکاندا نییە، بەهۆی زۆریی نرخی دەرمانی چارەسەری ئەم نەخۆشییە، کە دەگاتە 215 هەزار دینار و خەڵک ناتوانێت بیکڕێت”.

پەیوەند بەوە، پزیشكێكی حكومی بە كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی وتووە، لەنێو نەخۆشخانەكانی موسڵ چەند حاڵەتێكی توشبوو بە كەڕووی ڕەش هەن كە توشبووی كۆرۆنان و دۆخی تەندروستییان خراپە”.

جەختی لەوەشكردووەتەوە، “بەهۆی ئەوەی دەرمانی پێویست لەبەردەستدانین، نەتوانراوە هیچ چارەسەرێكیان بۆبكەن و ژیانیان ڕزگاربكەن”.

پێشتر لە چەند پارێزگایەکی دیكەی عێراق، چەند حاڵەتێكی ئەم نەخۆشییە تۆمارکراون و ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستداوە.

نەخۆشی كەڕووی ڕەش (black fungus) كە بە (Mucormycosis)یش ناودەبرێت، جۆرە نەخۆشییەكە توشی گیرفانەكانی لوت یان مێشك یاخو سییەكان دەبێت، لەو كەسانەدا سەرهەڵدەدات كە بەدەست لاوازی سیستمی بەرگریی لەشەوە دەناڵێنن.

نیشانەکانی کەڕووی ڕەش بریتیین لە سووربوونەوەی چاو، تێکچوونی بینین، تێکچوونی جوڵەی چاو، هەوکردنی (جیوبەکان)، دروستبوونی دەردراوێکی ڕەش لەناو لوتدا و دروستبوونی ئازار لەسەردا.

هۆكاری نەخۆشی كەڕووی ڕەش بەهۆی جۆرە جیاوازەكانی كەڕووەوە دروستدەبێت كە بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ماددە ئەندامییە گەنیوەكان ن، ئەوانیش نان و سەموونی خراپبوو و میوە و سەوزەكان دەگرێتەوە، بەهەمان شێوە لەسەر گڵ و پەینەكان، زۆرینەی خەڵك ئەگەری بەركەوتنیان بەم كەڕووانە هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو كەسانەی بەدەست لاوازیی سیستمی بەرگریی لەشەوە دەناڵێنن زۆرتر ئەگەری توشبوونیان بە كەڕووی ڕەش هەیە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی بازرگانی: هەر ماركێت و بازرگانێك نرخی هێلكە بەرزبكاتەوە سزادەدرێت

بابەتی دواتر

ژمارەی دانیشتووانی قاهیرە هاوتای چوار وڵاتی ئەوروپی دەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share