کونسوڵخانەی ئەمریکا 500 هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش تەرخانکرد

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، ئەمڕۆ پێنچشەممە، ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ پێکهاتە ئاینی و ئیتنییەکان، 500 هەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش تەرخانکردووە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە، ” ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، لە میانی سەردانێکیدا کە ڕۆژی چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەم، بۆ پەرستگای لالش ئەنجامیدا، بڕی 500 هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو پەرستگایە تەرخانکرد”.

ڕۆب واڵەر دەڵێت، “کۆمەکەکە دەرخەری پابەندیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە بۆ یارمەتیدانی پێکھاتە ئاینی و ئیتنیەکانی عێراق لەپێناو سارێژبوونی زامەکان و بوژاندنەوەی کۆمەڵگاکانیان دوای ئەوەی داعش تاوانی “جینۆسایدی دەرھەق ئەنجامدان”.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ” کونسوڵی گشتی لەگەڵ ڕاوێژکاری میری ئێزدیان کەریم سلێمان کۆبووەوە و گفتوگۆی دوا پەرەسەندنەکانی تایبەت بەکۆمەڵگای ئێزدیان کرد، لەوانەش ڕێککەوتنی ئەمدواییەی تایبەت بە شەنگال لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی پشتیوانیکردنی گەڕانەوەی سەلامەت و خۆویستانە و دوور مەودای ئاوارەکان”.

کونسوڵی گشتیی ئەمریکا دەڵێت، ” لەساڵی 2018 باڵیۆز ماسیۆ تولەر یەکەم کۆمەکی دارایی بە بڕی 500 دۆلار بۆ دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش ڕاگەیاند.

ئاماژەبەوەشکراوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھەروەھا کۆمەکی دارایی بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری تری ئاینی و مێژوویی تایبەت بە پێکھاتەکان تەرخان دەکات، لەوانەش دێڕی مار گۆرجس و مەزاری نەبی ناحوم و دەروازەی ئامێدی.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە لە عێراق لە ساڵی 2014، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە 470 ملیۆن دۆلاری لە شێوەی کۆمەکی مرۆیی بۆ ئێزدی و پێکھاتەکانی تر تەرخانکردووە.

بابەتی پێشتر

وەزیرە بەلجیكییە بەڕەگەز عێراقییەكە دەربارەی كۆچبەران هاتەدەنگ

بابەتی دواتر

سلێمانی.. لە ڕوداوێکی هاتوچۆ دا دوو هاوسەر گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share