ڕێگاچارەیەک لەبارەی قەیرانی بەنزین دەخرێتەڕوو

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە تەنیا 25 ھەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت بۆ بەرهەمێنانی بەنزین، بەڵام بە زیادکردنی بڕی ئەو نەوتە بۆ 100 ھەزار بەرمیل كێشەكانی كەمی و گرانیی نرخی بەنزین چارەسەردەكات و دەبێتەهۆی جێگیکردنی نرخێکی شیاو لە ھەموو کوردستاندا.

عەلی حەمەساڵح لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویکردەوە، “بەدواداچوونم بۆ دۆسیەیەک کردووە و بۆ لایەنە پەیوندیدارەکانی حکومەتم ناردووە، ڕۆژانە نزیکەی 218 ھەزار لیتر بەنزین لە پاڵاوگەی کارەوە دێتە پارێزگای سلێمانی، ئەم بڕە تەنیا 10% پێداویستیی سلێمانی-یە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕە تەنیا لە سەنتەری پارێزگادا دابەشدەکرێت، بەپێی پشکنینی ئەمڕۆش ئۆکتانی 90-ە، ئەم پرۆسەش لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەناچێت و گواستنەوەی دراوە بە کۆمپانیایەک.

عەلی حەمەساڵح باسی لەوەشکردووە، لە ھەولێر نرخی لیترێک بەنزین 630 دینارە، بۆ لە سلێمانی 730 دیناربێت؟! ئەم زیادکردنی نرخە کرێی گواستنەوە نییە، چونکە کرێی گواستنەوەی لیترێک تەنیا 15 دینارە.

لەبارەی رێگەچارەی نرخی بەنزین، سەرۆكی لیژنەكەی پەرلەمان دەڵێت، “ئێستا لە ھەرێمی کوردستان تەنیا 25 ھەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێورێت و بەوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان ملیۆنێک لیتر بەرھەم ھەیە و بەشی پێداویستیی ناوخۆش نزیکەی 4.5 ملیۆن لیترە، بە زیادکردنی بڕی ئەو نەوتەی کە دەبێت بپاڵێورێت بۆ 100 ھەزار بەرمیل و جێگیکردنی نرخێکی شیاو لە ھەموو کوردستاندا كێشەكە چارەسەر دەبێت”.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی هەولێر دوو باندی مەمەڵەكردن بە دۆلاری ساختەی بەناوی دۆلاری لیبییەوە دەستگیرکرد

بابەتی دواتر

گەشتێكی وەزیری دارایی گەیشتنی 200 ملیارەكەی خستە هەفتەی داهاتوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share