پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد، كە هێرشیان كردبووە سەر هاوڵاتییەك و لێیاندابوو و چاوێكیان كوێركردبوو.
لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، “پاش ئەوەی بنكەی پۆلیسی سەرا ئاگاداركرایەوە لە بوونی ڕووداوێك لەنزیك باخی گشتی كە چوار تۆمەتبار هەڵیان كوتاوەتەسەر هاوڵاتییەكی تەمەن 35 و بەهەرچواریان لێیانداوە و بەرەو شوێنیكی نادیار هەڵاتبوون، پۆلیس گەیشتە شوێنی ڕووداوەكە و بریندارەكە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی دەركەوت بەهۆكاری لێدانەكە چاوێكی لەدەستداوە”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە كرا و بریندارەكە هیچ كام لە تۆمەتبارانی هەڵاتووی نەدەناسی، بۆیە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و بەئەنجام گەیشتن لە لێكۆڵینەوەكان، توانرا لەماوەیەكی كەمدا هەرچوار تۆمەتبارەكە بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 412 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە