لە سنووری چەند گوندێكی گەرمیان پارچەكانی چەند تاوەرێكی كارەبا لێكراونەتەوە و دزراون، كارەبای گەرمیان هۆشداری داوە لە ئەگەری كەوتنی ئەو تاوەرانە و بێكارەبابوونی چەند قەزا و ناحیەیەك.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای گەرمیان بڵاویكردووەتەوە، “لە سنووری گوندەكانی بەرلوت و تازەدێ و ناحیەی سەنگاو، كەسانی نەناسراو هەستاون بە لێكردنەوە و بردنی پارچەكانی تاوەرەكانی كارەبای (33kv) و (132kv)، ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسی كەوتنی ئەو تاوەرانە لەكاتی هەبوونی با”.
كارەبای گەرمیان هۆشداری داوە لەوەی لە ئەگەری كەوتنی ئەو تاوەرانە چەندین قەزا و ناحیە بێكارەبا دەبن.
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاشكراشیكردووە، لەڕێگای دادگاوە سكاڵای یاسایی تۆماركردووە بۆ بەسزاگەیاندنی ئەوكەسانەی ئەوكارەیان كردووە، داواش لە دانیشتووانی ئەو سنوورانە دەكات لەكاتی بینینی ئەو كەسانەی ئەوكارە دەكەن، بەڕێوبەرایەتیی كارەبا، یان پۆلیس و ئاسایشی لێئاگاداربكەنەوە.