بایدن ماوەی مانەوەی هێز لە ئەفغانستان درێژدەكاتەوە.. پێشتر تاڵیبان هۆشداریی دابوو

چاوەڕێدەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بڕیار لەبارەی درێژکردنەوەی کۆتاییهاتنی پرسی گواستنەوەی ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەی کابولەوە بدات، سەرۆکی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەدووری دەزانێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەرکەکە کۆتاییپێبێت.

لەوبارەیەوە ڕۆژی یەکشەممە جۆ بایدن ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لەدوای 31ی ئابەوە لە ئەفغانستان دەمێننەوە تاوەکو سەرپەرشتیی گواستنەوەی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی بکەن لە فڕۆکەخانەی کابولەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا بایدن بڕیار لەبارەی ئەو ماوەیەوە دەدات کە درێژیدەکاتەوە بۆ مانەوەیان لە ئەفغانستان.

ئادەم شیف سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەوبارەیەوە دەڵێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان لەبەردەستیاندایە، ناتوانرێت تا کۆتایی مانگی ئاب پرسی گەڕاندنەوەی ئەمریکییەکان و ئەوانی لەگەڵیان کاردەکەن لە ئەفغانستانەوە کۆتاییبێت، بەهۆی زۆریی ژمارەیانەوە.

هەروەها دوو بەرپرسی ئیدارەکەی بایدن بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەرکی گواستنەوەی ئەمریکییەکان و ئەو ئەفغانییانەی دەیانەوێت لەو وڵاتە بێنەدەرەوە لە 31ی ئابدا کۆتایینایەت، لەکاتێکدا هەزاران هاوڵاتیی ئەفغانی دەیانەوێت وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن.

ئەمە لەكاتێكدا پێشتر بزوتنەوەی تاڵیبان زیاتر لە جارێك هۆشداریی داوەتە ئەمریكا لە ئەگەری درێژكردنەوەی ماوەی چوونەدەرەوەی تەواوەتی لە ئەفغانستان، كە كۆتایی ئەم مانگەیە.

بابەتی پێشتر

کۆمەڵێک ڤیدیۆی نهێنی لە زیندانی ئەوین لە تاران بڵاودەکرێتەوە

بابەتی دواتر

کەسێک دەستگیرکرا ئۆتۆمبیلی هاوڵاتییەکی سوتاندبوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share